انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

مەکگۆرک: ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بووین

مەکگۆرک: ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بووین
سیاسی
کوردستان برێت مەکگۆرک یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

بەرپرسێکی باڵای پێشووی کۆشکی سپی پێشوازی لە راگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و، جەختی کردەوە، جیهان قەرزاری ئەو قارەمانانەیە.

برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، رایگەیاند، "ئەمە هەواڵێکی زۆر باشە و ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی ئەم هەنگاوە دەکرا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەکگۆرک پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو لایەنانە کرد کە لە پرۆسەکەدا بەشدار بوون و رۆڵیان هەبووە. هەروەها، گوتی، "جیهان قەرزاری پێشمەرگەیە و هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو هێزەین."

رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، لە رێوڕەسمێکی گەورە و فەرمیدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ جێگرانیان، وەزیری پێشمەرگە، نوێنەرانی سەربازیی عێراق و هاوپەیمانان؛  یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راگەیەنرا.

یەکخستنەکە بەپێی نەخشەرێگایەکی ئەکادیمی و لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا جێبەجێ کراوە و تێیدا هێزەکانی پێشمەرگە لە 11 فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا رێکخراونەتەوە.

هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014ـەوە، رۆڵێکی ئێجگار گرنگیان لە تێکشکاندنی ئەو رێکخراوەدا بینی. لەو کاتەدا برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و، لە نزیکەوە ئاگاداری قوربانیدان و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو، بۆیە بەردەوام ستایشی رۆڵی کورد دەکات لە تێکشکاندنی تیرۆردا.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة