انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراقچی: ناتانیاهۆ مارە و ترەمپی هەڵخەڵەتاندووە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ

عێراقچی: ناتانیاهۆ مارە و ترەمپی هەڵخەڵەتاندووە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان جه‌نگی ئیسرائیل و ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

 وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە مار ناوبرد و تۆمەتباری کرد بەوەی فێڵی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە تا ئەمریکا لە بری ئیسرائیل بەرەو جەنگ لەگەڵ ئێراندا رابکێشێت.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی وتارێکی رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم، کە لەلایەن مریەم ئەدێلسۆن یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی لۆبیی ئیسرائیلی لە ئەمریکا خاوەندارێتی دەکرێت، رایگەیاند، لۆبیی ئیسرائیلی چیتر سڵ ناکاتەوە لە ئاشکراکردنی رۆڵ و هەژموونی بەسەر سیاسەتی واشنتندا، و جەختی لەوە کردەوە کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا خۆی لە کۆتوبەند و داوی ئەو لۆبییە رزگار بکات، نەک باجی هەر سووکایەتی و دەستدرێژییەک بدات کە پەیوەست بێت بە ئیسرائیلەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر وتار و دووڕوویی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نووسیویەتی: کاتێک ناتانیاهۆ بە عیبری قسە دەکات، بە شانازی و گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت کە حکوومەتی ئەمریکای فریوداوە و لە پێناو ئیسرائیلدا پەلکێشی جەنگی لەگەڵ ئێران کردووە، هەروەها بە ئاشکرا باس لەوە دەکات چۆن لە رێگەی هەزاران کاتژمێر دەرکەوتن لە شاشەی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئەمریکادا، کاریگەریی بەسەر بیرکردنەوە و بڕیاری سیاسیی واشنتندا سەپاندووە. کەچی لە بەرامبەردا کاتێک بە زمانی ئینگلیزی دەدوێت، ستایشی لێهاتوویی و سەرکردایەتیی سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

عێراقچی لەم چوارچێوەیەدا ناتانیاهۆی بە مار وەسف کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ترۆپکی گرژی و ئاڵۆزییەکی سەربازیی بێپێشینەدایە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە لە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نزیک بووەتەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی بەرفراوان بۆ سڕینەوەی ئێران یان گرتنەبەری رێگەیەکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە کاتێکدا گەمارۆ ئابوورییەکانی واشنتن و پەلامارە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامییان هەیە.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة