انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

گوهدار شێخۆ: گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

گوهدار شێخۆ: گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت
گشتی
کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایدەگەیەنێت، بەهۆی گرنگیدانی تایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زاخۆ لە قۆناغێکی پشتگوێخراوەوە بووەتە شارێکی گەشتیاری و ئاوەدان، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە 95%ی شەقامەکانی سنوورەکە قیرتاو کراون و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەردی بناغەی گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان دادەنرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی رایگەیاند، "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا، یەکەم سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ بوو. سەرۆکوەزیران لە نزیکەوە لە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان تێگەیشتبوو و دەیویست بە زووترین کات خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە دەڤەرەکە، هەر بۆیە لە سەرەتادا بڕی 50 ملیار دینار بۆ بەشێک لە پرۆژە گرنگ و خێراکان تەرخان کرا".

دەربارەی پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکە، گوهدار شێخۆ گوتی، "پێشتر لە 65%ـی شەقامەکانی زاخۆ قیرتاو نەکرابوون، بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە 95%ـی شەقامەکان قیرتاو کراون. لە کەرتی تەندروستیشدا هەنگاوی زۆرباش نراون و ئێستا خزمەتگوزارییەکان بە جۆرێکن کە نەخۆش پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچێتە دەرەوەی زاخۆ، مەگەر بۆ هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەن و تایبەت نەبێت".

لەبارەی کەرتی پەروەردەش، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کرد، "توانیومانە 107 قوتابخانە نۆژەن بکەینەوە و 18 قوتابخانەی نوێش دروست بکەین، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئەمساڵی خوێندندا پێنج قوتابخانەی دیکەی نوێ کرانەوە و کەوتنە خزمەتی قوتابییان".

گوهدار شێخۆ تیشکی خستە سەر بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و رایگەیاند "زاخۆ ئێستا بووەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری، تەنیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار روویان لە دەڤەرەکە کردووە، لە کاتێکدا ئێستا 45 هۆتێل لە زاخۆ هەن، بەڵام بەهۆی لێشاوی زۆری گەشتیاران هێشتا پێویستیمان بە هۆتێل و شوێنی گەشتیاریی زیاترە".

ئەوەشی خستەڕوو، "گرنگییەکی زۆرمان بە پاکوخاوێنیی شار داوە و لەو پێناوەشدا هەنگاوی رژدمان ناوە، تەنانەت جگەرەکێشان لەسەر کۆڕنیشی زاخۆ قەدەغە کراوە و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری کراوە".

سەبارەت بە گوند و ناوچە سنوورییەکان، گوهدار شێخۆ گوتی، "ئەو ناوچانەی پێشتر بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵکرابوون، خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە و ژیان و ئاوەدانییان بۆ گەڕاوەتەوە؛ تەنانەت هەندێک گوند هەبوون لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا ڕێگای قیرتاویان نەبووە، بەڵام ئێستا شەقام و خزمەتگوزاریی سەرەتاییان بۆ دابین کراوە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مژدەی جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێی دا و گوتی، "ئاسانکاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەران کراوە بۆ ئەوەی لە کەرتی گەشتیاریدا سەرمایەگوزاری بکەن. لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا بەردی بناغەی گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان لە زاخۆ دادەنرێت، هاوکات 20 پرۆژەی گەشتیاریی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە هەموویان دەبنە هۆی رەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە جووڵەیەکی بازرگانیی زۆرباش لە سنوورەکەدا هەیە و ئیدارەی زاخۆ پەیوەندییەکی پتەو و بازرگانیی گرنگی لەگەڵ پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان هەیە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة