لە دوای راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کابینەی نۆیەمدا، رەوتێکی خێرای ئاوەدانکردنەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 445 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنوورەکە جێبەجێ کراون و 90 پڕۆژەی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان، هاوکات 34 پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان بە گوژمەی جیاواز لە سەرجەم کەرتەکاندا مۆڵەتیان پێدراوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کەرتی شارەوانی و رێگاوباندا دەستکەوتی بەرچاو بەدەستهاتوون، 282 کیلۆمەتر شەقام و رێگای سەرەکی قیرتاو کراون، 134 کیلۆمەتر تۆڕی ئاوەڕۆ و سۆلەر دروستکراون، و 355 کیلۆمەتر رێگای گوندەکانیش چاککراون و قیرتاو کراون، بە جۆرێک رێژەی شەقامە قیرتاونەکراوەکانی سەنتەری زاخۆ کە پێشتر 65% بوو، ئێستا بۆ تەنیا 5% کەمکراوەتەوە؛ هەروەهاەکانی هاتوچۆ بۆ 60% کەمبوونەتەوە.
هەروەها هەشت پارکی نوێ دروستکراون و 10 پارکی دیکەش لە هەردوو قەزای سەرب بە ئیدارەی زاخۆ نۆژەنکراونەتەوە، لە پاڵ هێڵکاری و بۆیاخکردنی 494 کیلۆمەتر شەقام، تەرخانکردنی 15 هەزار مەتر دووجا هێڵی پەڕینەوەی پیادە، دروستکردنی ئەندەرپاس و چوارڕیان، و دانانی زیاتر لە 13 هەزار تابلۆی هاتوچۆ و رووناککردنەوەی شەقامەکان بە لایتی مۆدێرن.
کەرتی پەروەردە و تەندروستی؛ بنیاتنانی قوتابخانە و نەخۆشخانەی نوێ
لە کەرتی پەروەردەدا بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخیی پۆلەکان، شەش قوتابخانەی 18 پۆلی، چوار قوتابخانەی 12 پۆلی، و دوو قوتابخانەی شەش پۆلیی نوێ دروستکراون، هاوکات 70 قوتابخانە و باخچەی ساوایان نۆژەنکراونەتەوە و پۆلی نوێیان بۆ زیاد کراوە لەگەڵ دابینکردنی تەواوی پێداویستی و رەحلەی خوێندن بۆ زۆربەی قوتابخانەکانی دەڤەرەکە.
لە کەرتی تەندروستیشدا، نەخۆشخانەیەکی نوێی لە قەزای باتیفا بە توانای 40 تەخت و نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ بە توانای 90 تەخت لە پاڵ دوو بنکەی تەندروستی لە دەرکار و سێمالکا دروستکراون، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ بە دابینکردنی پێشکەوتووترین ئامێرەکانی تیشکی موگناتیسی (MRI)، سی تی سکان، ئامێری تیشکی دیجیتاڵی، ئامێری شوشتنی گورچیلە و فریاگوزاری، و پێدانی ئەمبوڵانسی نوێ.
بووژانەوەی گەشتیاری؛ کۆڕنیشی زاخۆ و پردە هەڵواسراوەکانی رووباری خابوور
کەرتی گەشتوگوزاری زاخۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران لە سەرانسەری عێراق و ناوچەکە. لە گرنگترین پڕۆژەکان جێبەجێکردنی هەردوو قۆناخی یەکەم و دووەمی کۆڕنیشی زاخۆیە شانبەشانی دروستکردنی شەش پردی هەڵواسراو بەسەر رووباری خابووردا.
هەروەها بازاڕی کۆنی زاخۆ و قەڵای دێرینی شارەکە بە شێوازێکی کولتووری و کەلەپووریی سەردەمیانە نۆژەنکراونەتەوە، لە پاڵ دروستکردنی مۆزەخانەی زاخۆ، پەرەپێدانی هاوینەهەواری کانیی دێڕەبوون، گۆڕەپانی پردی دەلال، و دروستکردنی گەورەترین نافورەی لەیزەریی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی ناوچەکە.
کەرتی ئاو و کارەبا؛ راکێشانی 236 کم تۆڕی نوێ و ئاوی بەردەوام
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، پڕۆژەی گەورەی ئاوی باتیفا لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی پێشخابوور و دێڕەبوون جێبەجێ کراون، هاوکات 38 بیری نوێی ئاوی خواردنەوە لێدراون و بە درێژایی 236 کیلۆمەتر تۆڕی نوێی ئاو ڕاکێشراون و نۆژەنکراونەتەوە، لەگەڵ دابینکردنی ماتۆڕ، پەمپ و پاودەری کلۆر بۆ پاککردنەوەی ئاو و دروستکردنی عەمباری گەورەی ئاو.
لە کەرتی کارەباشدا، رووناکیی 24 کاتژمێری بۆ 92 کیلۆمەتر شەقام و رێگای سەرەکی دابین کراوە، کارەبای بەردەوام گەیەندراوەتە 33 بیری ئاوی خواردنەوە لەگەڵ گەیاندنی کارەبا بۆ 19 گوند و سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە پاڵ دانانی زیاتر لە 75 گۆڕەری کارەبا (محاویلە) بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ڤۆڵتیەی گەڕەکەکان.
پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی میری
لە بواری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا، حەوت بیری تایبەت بە ئاودێری لێدراون، نۆ کیلۆمەتر جۆگەی کۆنکرێتی بۆ سوودمەندبوونی 120 دۆنم زەویی جووتیاران دروستکراون، رووباری خابوور بە درێژایی 3.2 کیلۆمەتر پاککراوەتەوە، پۆندی گوندی زێندۆک دروستکراوە، لەگەڵ دابینکردنی 20 خانووی پلاستیکی بۆ جووتیاران و ئامێری دەرمانی قڕکەری مێروو و شۆفڵی بەردشکێن.
لە کەرتی وەبەرهێنانیشدا 25 مۆڵەتی نوێ لە بوارەکانی گەشتیاری، پەروەردە، پیشەسازی و کشتوکاڵ دراونەتە کەرتی تایبەت، لە پاڵ نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی زاخۆ، یاریگای دەلال و یاریگای باتیفا، و ئاوەدانکردنەوەی فەرمانگە میرییەکان تا مامەڵەی رۆژانەی هاووڵاتییان بە خێرایی و بەبێ ئاستەنگ راییکرێت.




