انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
سیاسی
کوردستان

سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد بەبۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، و ئەم هەنگاوەی بە کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانی و یەکڕیزیی بڕیاری بەرگریی وڵات ناوبرد.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بەبۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و پاڵەوانانی پێشمەرگە دەکەین، بەبۆنەی تەواوبوونی یەکخستنەوەی پێکهاتەکانیان لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییدا و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێکهاتەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگریمان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت  و شۆڕش ئیسماعیل، وەزایری پێشمەرگە، پڕۆسەی یەکخستنەوەی هیزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

نێچیرڤان بارزانی،  لە رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی:  بەردەوامی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد، گوتیشی ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشی تێکشکاند.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2014 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تا بەرگری لێ بکەن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریان لە مێژووی بەرگرییکردن لە گەلی کوردستان تۆمار کرد. بۆیە ئەم بۆنەیە ئەو پرسەیە، کە گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد و هەموولایەکمان چەندین ساڵە لەو پێناوەدا کار دەکەین.

راشیگەیاند، ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕانکاریی نییە لە پەیکەر و رێکخستندا یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکو هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەشڵێت، ساڵانی رابردوو گوتومانە کوردستان پێویستی بەیەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندە هەیە، دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی دوور لەدەستوەردانی ناکۆکی و حزبی بێت. ئەمڕۆش هەنگاوێکی دیکەی گەورە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. رۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین".

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوار ساڵی رابردوودا، لە ژێر رێنمایی و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری وپشتیوانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێ وەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رابگەیەنین". 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة