انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەکسیۆس: زێلێنسکی و ترەمپ لە نیویۆرک کۆدەبنەوە

ئەکسیۆس: زێلێنسکی و ترەمپ لە نیویۆرک کۆدەبنەوە
سیاسی
جیهان

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ئاشکرای کرد، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتوون لەم هەفتەیەدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببنەوە، هاوکات سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد کە ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا چەندین جار داوای لە زێلێنسکی کردووە بۆردوومانکردنی پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا رابگرێت.

یەکشەممە 20ی ئەیلوولی بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامدرا، و هەردوولا رێککەوتن رۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دیداری رووبەڕوو ئەنجام بدەن.

زێلێنسکی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"رایگەیاند گفتوگۆکەیان زۆر گرنگ بووە و دەرفەتێکی دیپلۆماسیی گەورە لە ئارادایە کە دەکرێت زۆر شت بگۆڕێت، هاوکات ئامادەیی کیێڤی نیشاندا بۆ هاویشتنی هەنگاوی زۆر جددی تاوەکو گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆ کەمبکرێنەوە. ئەم دیدارە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای بەسەر رووسیادا واژۆ کرد و گەورەترین گرێبەستی ناردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بە ئەکسیۆسی ئاشکرا کرد, دۆناڵد ترەمپ چەندین جار و بە شێوەیەکی بەردەوام داوای لە زێلێنسکی کردووە کە هێرشکردنە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا رابگرێت، چونکە بەئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد, وشەی "دیزڵ"یەکێک بووە لەو وشانەی زۆرترین جار لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لە پەیوەندییەکەدا دووبارە کراوەتەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی وزەی جیهانی بەر لە وەرزی زستان.

روستەم ئومێرۆڤ، بەرپرسی هەواڵگریی دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا بۆ ئەکسیۆس رایگەیاند, رۆژانە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردەکانی کۆشکی سپی کار دەکات و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ناڕەزایەتیی کیێڤ لە کارەکانی ویتکۆف دەکەن.

ئومێرۆڤ ئاشکرای کرد کە دانوستاندنەکان پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و ئەو لەمپەرانەی پێشتر دەیان خاڵ بوون، ئێستا کەمبوونەتەوە بۆ تەنیا یەک یان دوو پرسی سەرەکی؛ ئاماژەی بەوە دا، ئیدارەی ئەمریکا بە تەواوی سەرنجی لەسەر راگرتنی ئەم جەنگە کارەساتبارەیە و لە هەوڵدایە گەرەنتیی ئەمنی و بووژانەوەی ئابووری بۆ گەلی ئۆکرانیا دەستەبەر بکات، هەرچەندە هێشتا بۆردوومانی دوولایەنەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لە مەیدانی جەنگدا بە چڕی بەردەوامە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة