انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

حووسییەکانی یەمەن بۆ: ئێران بە هیچ شێوەیەک هاوکاریمان ناکات

حووسییەکانی یەمەن بۆ: ئێران بە هیچ شێوەیەک هاوکاریمان ناکات
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حووسییەکانی یەمەن سعوودییە

 فەرماندەیەکی سەربازیی  حووسییەکانی یەمەن، ئاشکرای دەکات، ئەگەر سعوودیە گەمارۆی سەر وڵاتەکەیان هەڵنەگرێت هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن. لە هەمان کاتدا رەتیدەکاتەوە ئێران چەکی پێ دابن. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، فەرماندەی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری، رایگەیاند، "هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەر سعوودیە بەردەوام دەبن و کارێکی ئاساییە، چونکە ریاز بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر یەمەن". 

باسی لەوەش کرد، ئەگەر سعوودییە گەمارۆی سەر یەمەن هەڵبگرێت و هێرشەکانی رابگرێت، ئەوا ئەوانیش هێرشەکانیان دەوەستێنن، بە پێچەوانەوە ئەگەر سعوودیە بەردەوام بێت، وەڵامدانەوەی ئەوانیش توندتر دەبێت.

سەبارەت بە دەنگۆی هاوکاریکردنیان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، زوبەیدی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و، گوتی، "ج. ئێمە لە یەمەن دامەزراوەی تایبەتمان هەیە بۆ دروستکردنی چەک و تەقەمەنی و لە ناوخۆدا پێداویستییە سەربازییەکانمان دابین دەکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرماندە سەربازییەکەی حووسییەکان جەختی کردەوە، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سعوودیە بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییانی مەدەنی ناکەنە ئامانج. ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر سعوودیە بەڵگەی هەیە با بیخاتەڕوو، بەڵام ئێمە دەزانین سعوودیە مەککە و مەدینە بۆ مەرامی سیاسی و دروستکردنی فشار لەسەر یەمەن بەکاردەهێنێت."

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی یەمەنیشەوە زوبەیدی رەتی کردەوە جەنگی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا هەبێت و، گوتی، "ئەگەر دەستتێوەردانی سعوودیە نەبێت، یەمەنییەکان خۆیان دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. پێشتر ئێمە گەیشتبووینە رێککەوتنێکی ناوخۆیی، بەڵام سعوودیە و وڵاتانی هاوپەیمانی رێگرییان لێ کردین."

لە 2ی تەممووزەوە حووسییەکانی یەمەن سیاسەتی گەمارۆ بەرامبەر بە گەمارۆ بەرامبەر سعوودیە پەیڕەو دەکەن و تا ئێستا دەیان هێرشی مووشەکیی بالیستییان کردووەتە سەر ریازی پایتەخت و چەندان ناوچەی دیکەی سعوودیە.

حووسییەکانی یەمەن ڕێگری لە تێپەڕینی کەشتییەکانی سعودیە لە گەرووی بابولمەندەب دەکەن و هەڵگرتنی ئەم رێکارییانەش دەبەستنەوە بە کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ گشتگیرەی ریاز لە ساڵی 2015ـەوە بەسەر یەمەندا سەپاندوویەتی.

شەڕی ناوخۆی یەمەن ساڵی 2014 دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییان وەدەرنا. دواتر لە نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو ساڵی 2022 کە ئاگربەست بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنرا، ئەو گرووپە رووبەڕووی هاوپەیمانێتییەکی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە بووەوە. جەنگەکە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو، تاوەکو لە مانگی تەممووزی رابردوودا جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە.

گەرووی بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری نەوت و کاڵای بازرگانیی جیهان لەرێگەیەوە دەگوازرێتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش چەندین جار کۆبوونەوەیان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام داوە و هۆشدارییان بە حووسییەکان داوە، چونکە بەردەوامبوونی گرژییەکان مەترسیی گەورە لەسەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووریی جیهان دروست دەکات. 

 
 
 
 
 
 
مەتین کەریم خان ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة