انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئالان حەمەسەعید: سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتی کەرتی پەروەردەی کردووە

ئالان حەمەسەعید: سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتی کەرتی پەروەردەی کردووە
په‌روه‌رده‌
کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رادەستکردنی 36 باڵەخانەی باخچە و قوتابخانەی حکوومی بە وەزارەتی پەروەردە، گوتی: دید و تێڕوانینەکانی سەرۆکوەزیران بۆ پالپشتیکردنی کەرتی پەروەردە زۆر روون و ئاشکرا بووە و پاڵپشتیکردنی پەروەردە یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەم.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: بە هەموو لایەکمان توانیومانە ژێرخانی کەرتی پەروەردە کەمێک باشتر بکەین، دەشڵێت، لەم کابینەیە وێڕای هەموو ئەو دۆخە سەختەی هاتووەتە پێش، 310 باڵەخانە تەواو کراوە، 629 ژووری نوێی خوێندن لە ناو ناوەندەکانی خوێندن دروست کراوە، کە کۆی گشتییان دەگاتە 4969 ژوور، وەک لەسەرەتای ئەم کابینەیە بەلێن درابوو شوێنی نوێ بۆ 125 هەزار قوتابی دروست کراوە.

ئالان حەمە سەعید گوتی:  لە ماوەی 7 ساڵ و 2 مانگی رابردوودا، لە رێگەی کابینەی نۆیەم و هاوکاریی سەرمایەدار و بەخشەران و ڕێکخراوەکانەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ئەنجام دراون، لەوانە:

-تەواوبوونی 310 باڵەخانەی قوتابخانە.
-دروستکردنی 629 ژووری نوێی خوێندن کە کۆی گشتی 4969 ژوور.
-رەخساندنی شوێنی نوێ بۆ نزیکەی 125 هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
-نۆژەنکردنەوەی 3075 قوتابخانە.
-چاپکردنی 19 ملیۆن کتێبی خوێندن و گەیاندنیان بە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەپێی کات و ستانداردی پێویست.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، لە بواری بە دیجیتاڵیکردنی پرۆسەی پەروەردەدا، وەزارەتی پەروەردە چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە، لەوانە خستنەڕێی سیستەمی ئی-پەروەردە و پلاتفۆرمی "قوتابخانەکەم"، جگە لە کردنەوەی تاقیگەی داهێنان (Innovation Lab) لە 110 قوتابخانەدا بۆ پەرەپێدانی توانستی قوتابیان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە چوارچێوەی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایان، ئەمساڵ 145 هەزار مامۆستا خولی راهێنانیان لە بواری دیجیتال، ژیری دەستکرد، ژینگە و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بینیوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة