انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

فیدان: نابێت سعوودیە پەلکێشبکرێتە ناو ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران

فیدان: نابێت سعوودیە پەلکێشبکرێتە ناو ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە ئامادەیە سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکان بۆ سعوودیە دابین بکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە، هاوکات ئاشکرای کرد، کارکردن لەسەر دامەزراندنی بارەگای هاوبەشی سەربازی لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی مەککە"لە قۆناخی کۆتاییدایە و دەبێتە پلاتفۆرمێکی گۆڕینی هاوکێشەی ناوچەکە.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هێرشی زۆر مەترسیدار دەکرێنە سەر ژێرخانی ئابووری و سەروەریی خاکی سعوودیە و جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوانیان، بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانی لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا هەیە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش سەرکردەیەکە لەسەر قسە و بەڵێنەکانی خۆی دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وەک ئەندامێکی "هاوپەیمانیی مەککە"ئاشکرای کرد، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئەگەر سعوودیە پێویستی بە هاوکاریی سەربازی بەتایبەت لە بوارە تەکنیکییەکاندا هەبێت، ئەنقەرە هیچ کێشەیەکی لە دابینکردنیدا نییە، هاوکات پێداگری کرد لەسەر ئەوەی نابێت رێگە بدرێت سعوودیە بخرێتە ناو ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەبێت لە دەرەوەی ئەو هاوکێشەیە بمێنێتەوە.

هاکان فیدان پێشبینیی ئەوەی کرد کە "هاوپەیمانیی مەککە"دەبێتە سەکۆیەکی گەورە بۆ گۆڕینی یارییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی بوونی ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە؛ ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوەکان بەرەو بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانییەکە بە خێرایی دەڕۆن، و کارە وردەکانی تایبەت بە دامەزراندنی سکرتاریەت و دروستکردنی بارەگایەکی سەربازیی هاوبەش نزیک بوونەتەوە لە تەواوبوون، کە ئەمەش هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنیی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە دەباتە قۆناخێکی نوێوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاکان فیدان هۆشداریی دایە ئیسرائیل کە پێویستە سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای ئاشتی و رێزگرتن لە دراوسێکانی دابڕێژێت، چونکە بە پێچەوانەوە نەک هەر لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر دەبێت، بەڵکو باجەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکەدا دەدات، هاوکات روونیشی کردەوە کە تورکیا ناچێتە ژێر کاریگەریی ئیستفزازی هەرزانەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنانیش، وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بە هیچ جۆرێک چەکدارکردن و سەربازیکردنی دوورگەکانی دەریای ئیجە قبووڵ ناکات و رەخنەی لە سەرکردەکانی یۆنان گرت کە بۆ مەرامی ناوخۆیی و دەنگ کۆکردنەوە پرسی دوژمنایەتیی تورکیا دەوروژێنن، لە کاتێکدا سیاسەتی ئەنقەرە سەرقاڵی چارەسەرکردنی دۆسیە جیهانییە گەورەکانە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆتایی لێدوانەکانیدا سەرنجی خستە سەر دۆسیەی ململانێی رووسیا و ئۆکرانیا و رایگەیاند کە کۆمەڵێک دەستپێشخەری هەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام لەم قۆناخەدا گەیشتن بە ئەنجامی هەمیشەیی تا رادەیەک ئاڵۆز و سەختە. لەگەڵ ئەوەشدا، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە نابێت دەستبەرداری ئومێد ببن و پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە بەردەوام بن.

لەبارەی گرژییەکانی جەنگی ئۆکرانیا لە دەریای رەشدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا بە شێوەیەکی تایبەت بەندەرەکان و سەرجەم چالاکییە دەریاییەکانی یەکتریان کردووەتە ئامانج.

لەو چوارچێوەیەشدا فیدان ئاشکرای کرد کە ئەنقەرە بە فەرمی پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی مۆسکۆ و کێیڤ کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە دەریاییەکان، و روونی کردەوە، ئێستا کار لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە دەکەن و چاوەڕوانی وەڵامی هەردوو دەوڵەتن تا رێگری لە پەککەوتنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین بیرۆکەی نوێ خراونەتەڕوو بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی رووسی لە جۆری (S-400).

کڕینی ئەم سیستەمە پێشتر گرژییەکی زۆری لە نێوان ئەنقەرە و واشنتندا دروستکردبوو، بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا گەشبینیی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەردوولا بتوانن لە داهاتوودا هەنگاوی ئەرێنی و کرداری بنێن بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە شێوازێکی هاوبەش چارەسەر بکرێت.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة