لە هەنگاوێکی چارەنووسسازدا کە دەکرێت نەخشەی ئامادەکارییە سەربازییەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی بەرامبەر بە مۆسکۆ دابڕێژێت، سەرکردە سەربازییەکانی ناتۆ لە کۆپنهاگن لە نێوان دوو ژەنەراڵی ئەڵمانی و کەنەدیدا دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی فەرماندەی لێژنەی سەربازی دەدەن، لە کاتێکدا کێبڕکێکە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە دابەشبوونی دەسەڵاتی سەربازی لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکادا.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ"، سەرۆک ئەرکانی سوپای 32 دەوڵەتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک لە دانیشتنێکی داخراودا کۆبوونەتەوە تا فەرماندەی نوێی لێژنەی سەربازی دیاری بکەن، کە بە باڵاترین دەسەڵات و مەرجەعی سەربازی لە نێو تەواوی هاوپەیمانییەکەدا دادەنرێت.
ئەم پۆستە لە لایەن سەرۆکی نوێوە لە مانگی تەممووزی ساڵی داهاتوودا لە ئەدمیڕاڵ جۆزێپی کاڤۆ دراگۆنیی ئیتاڵی وەردەگیرێت، و کێبڕکێی سەرەکیش لە نێوان ژەنەراڵ کارستن برۆیەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەڵمانیا و ژەنەراڵ جێنی کاریگان، فەرماندەی باڵای سوپای کەنەدایە. بەرپرسی ئەم دەستەیە ئەرکی پێشکەشکردنی راوێژی سەربازی و هەڵسەنگاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرکردە سیاسییەکان لە ئەستۆیە، و ئامادەکاری بۆ خولی نوێی چوار ساڵەی پلاندانانی جەنگی ناتۆ دەکات کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا دەستپێبکات.
دیپلۆماتکارانی ناتۆ و بەرپرسانی باڵای ئاسایشی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن کە ژەنەراڵ برۆیەر چانسی بەهێزی بۆ بردنەوەی هەیە، بەو پێیەی ئەڵمانیا ئێستا بووەتە گەورەترین خەرجکەری بودجەی بەرگری لە سەرانسەری ئەوروپادا.
هاوکات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەوە کردووە کە ئەڵمانیا رۆڵی سەرکردایەتی لە نێو ناتۆدا بگرێتە ئەستۆ، وەک بەشێک لە گۆڕانکاریی ستراتیژیی ناسراو بە "ناتۆ 3.0"کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قورسایی سوپای ئەمریکایە لە ئەوروپا و پێدانی بەرپرسیارێتیی سەرەکییە بە دەوڵەتە ئەوروپییەکان تا خۆیان بەرگری لە کیشوەرەکەیان بکەن.
هەروەها دەرکەوتنی برۆیەر لە پێنتاگۆن و هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ بڕیاربەدەستانی سەربازیی واشنتن لەسەر دۆکتۆرینی نوێی ئەڵمانیا، پێگەی ناوبراوی بەهێزتر کردووە، لە بەرامبەردا ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و ئۆتاوا وایکردووە چانسی کاندیدە کەنەدییەکە کەمتر بێت، سەرەڕای ئەوەی ناوبراو کەمپەینەکەی لەسەر بنەمای پاراستنی یەکڕیزیی نێوان هەردوو بەری زەریای ئەتڵەسی داڕشتووە.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لە پشت دەرگا داخراوەکان و بە شێوازێکی تەواو نهێنی بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی پاراستنی متمانەی سەربازی و برایانەی نێوان فەرماندە باڵاکانە، چونکە ئاشکرابوونی دەنگی وڵاتان دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکان دروست بکات.
بەپێی ڕێکارەکان، هەر کاندیدێک بگاتە زۆرینەی رەها کە بەدەستهێنانی دەنگی 17 وڵاتە لە کۆی 32 دەوڵەت، دەستبەجێ ژماردنی دەنگەکان رادەگیرێت و ژمارەی کۆتایی دەنگەکان بۆ هیچ لایەنێک ئاشکرا ناکرێت. بەشێک لە سەرۆک ئەرکانەکان پێشوەختە فەرمانی فەرمییان لە حکوومەتەکانیانەوە پێگەیشتووە کە دەنگ بە کام کاندید بدەن، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان ئازاد کراون لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی کە بە شیاوتری دەزانن.
ئەم هەڵبژاردنە لە قۆناخێکی ئێجگار پڕ لە مەترسیدا ئەنجام دەدرێت کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی ترەمپ و داواکارییەکانی بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان گرژیی بەخۆیەوە بینیوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، هەڕەشە بەردەوامەکانی رووسیا لەسەر باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە داهاتوودا، وایکردووە ئەم پۆستە سەربازییە لە هەمیشە هەستیارتر بێت، چونکە کەسی براوە دەبێت ئەندازیاری سەرەکیی داڕشتنەوەی پلانە جەنگییەکان بێت و هاوسەنگی لە نێوان داخوازییەکانی کۆشکی سپی و پێداویستییە بەرگرییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپادا رابگرێت.




