وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان کرد. لەو پەیوەندییەدا هەردوولا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە جێگەی بایەخە هاوبەشەکانیان تاوتوێکردووە.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد ئیسحاق دار هاوتا پاکستانییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد، هاوکات هەردوو وەزیر بیروڕایان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆسیەکانی هاوکاریی دوولایەنەی نێوان تاران و ئیسلامئاباد ئاڵوگۆڕ کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، وەزیری دەرەوە لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی دابینکردنی وزە بەبێ پچڕان و پێویستیی دڵنیابوون لە هاتوچۆی سەلامەتی کەشتییەکان کردووەتەوە، چونکە ئەو بابەتانە کاریگەریی زنجیرەیییان لەسەر دابینکردنی وزە لە ئاستی جیهانیدا هەیە.
محەمەد ئیسحاق دار جەختیشیکردەوە، دیالۆگ و دیپلۆماسی تاکە رێگەی گەرەنتیکردنی ئاشتی و سەقامگیریین لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەردا، عەباس عەراقچی رایگەیاند، ئاسایشی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکرێت لە دەرەوەی ناوچەکەوە بسەپێنرێت. عەراقچی پێیوایە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت توانای ئەوەیان هەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی گفتوگۆ لەسەر ئاسایش و داهاتووی هاوبەشیان بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشیکردەوە، ئاسایشی بەردەوام لە رێگەی گفتوگۆ و بونیاتنانی متمانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بەدی دێت، نەک لە رێگەی بوونی سەربازیی بێگانە.
ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی جوڵەی بەردەوامی دیپلۆماسیی نێوان تاران و ئیسلامئاباد دێت.




