سەرۆکی پێشووی رووسیا رایگەیاند، وەڵامی رووسیا بۆ سزاکانی ئەمریکا دەبێت بەرپەرچدانەوەی سەربازی لەخۆبگرێت.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، ئەم لێدوانەی دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا، دوای ئەوە هات هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەکی واژۆ کرد بۆ سەپاندنی سزای نوێ بە مەبەستی زیادکردنی فشارەکان لەسەر مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لە کۆنگرێس بۆ چەندان مانگ دواکەوتبوو.
یاساکە، کە بە ناوی لیندسی گراهام سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکییەوە ناونراوە، کەرتی وزە و بەرگریی رووسیا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا دەکاتە ئامانج کە لە سەروویانەوە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا دێت.
مێدڤێدێڤ کە ئێستا پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا بەڕێوەدەبات، لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاویکردەوە: ئەوانەی ئەوبەری زەریا تەنیا لە زمانی بەرپەرچدانەوەی راستەوخۆی سەربازی تێدەگەن، ئەمەش ئەو زمانەیە کە دەبێت پێی وەڵامی کردەوە دژە-روسییەکان بدەینەوە، وەک یاساکەی گراهامی کۆچکردوو.
بەرپرسانی رووسیا، لە نێویاندا پووتین، لە سەرەتای هێرشە بەرفراوانەکەی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـوە، کیێڤ و پشتیوانەکانی بە تیرۆریست وەسف دەکەن، ئەو تۆمەتانەی کە ئۆکرانیا رەتیاندەکاتەوە و بە پرۆپاگەندەی بێبنەمای جەنگ ناوزەندیان دەکات.
مێدڤێدێڤ لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2012 سەرۆکی رووسیا بوو، ئەوەش بە رێککەوتنێک ئەنجام درا کە رێگەی بە پووتین دا، کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، لە بەربەستی دەستووریی قەدەغەکردنی زیاتر لە دوو خولی لەسەریەکی سەرۆکایەتی دەرباز بێت، مێدڤێدێڤ کە تەمەنی 61 ساڵە، بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدوانی توند لە دژی ئۆکرانیا و رۆژئاوا بڵاودەکاتەوە.
ساڵی رابردووش، دوای ئەوەی مێدڤێدێڤ لە پۆستێکی تەلەگرامدا روونیکردەوە، سیستمی نیمچە-ئۆتۆماتیکیی چەکی ئەتۆمیی رووسیا بە ناوی دەستی مردوو کرد کە لە سەردەمی جەنگی سارددا لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پەرەی پێدرابوو، ترەمپ فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی کرد.




