روانگەی ئیکۆ عێراق کە تایبەتە بە ئابووری بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک فاکتەری ئابووری، دارایی و دەروونی لە پشت بەرزبوونەوەی خێرای بەهای دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بەرامبەر بە دیناری عێراقیدان، لە سەرووی هەموویانەوە نیگەرانییەکان لە ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکی بەسەر عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، پەیوەندی بە یەک هۆکارەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵبوونی چەند فاکتەرێکی ئابووری، دارایی و دەروونییە"، روونیشیکردەوە، مەزەندە بازرگانییەکان واتە 'قۆرخکاریی' لە بازاڕی هاوتەریبدا یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانن، چونکە ئەو لایەنانە لە کات بۆ کاتێکی تر چالاک دەبن و سوود لە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار و کەمیی خستنەڕوو دەبینن.
ئاماژەی بەوەش داوە، نیگەرانی و پێشبینییەکان پەیوەست بە دوای 30ـی ئەیلوول و ئەو بابەتەی باس لە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەکات، لە پاڵ باسەکان دەربارەی سزای ئەمریکی یان رێوشوێنی پێشبینیکراو، دۆخی نادڵنیایی لە بازاڕدا زیاتر دەکات. ئەم دۆخەش هەندێک لە مامەڵەکاران ناچار دەکات خواستیان بۆ دۆلار زیاتر بکەن.
روانگەکە راشیگەیاند، دابەزینی متمانە بە کەرتی بانکی، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خواستە لەسەر دۆلار. لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بە قەیرانی بانکی تەیف و ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندیی عێراق کرد، کە 3ـی ئەیلوولی رابردوو سەرپەرشتیکردنی ئەو بانکەی گرتە ئەستۆ.
روانگەی ئیکۆ عێراق داوای لە بانکی ناوەندیی عێراق کرد، وردبینانە چاودێری گۆڕانکارییەکانی بازاڕی ئاڵوگۆڕ بکات و رێوشوێنی پێویست بۆ سنووردارکردنی مەزەندە بازرگانییەکان و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ بگرێتە بەر، بەو جۆرەی یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی متمانە بە دیناری عێراقی و کەرتی بانکی.




