انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە بەنداوی دووکان ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی بارانبارین دەکرێت

لە بەنداوی دووکان ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی بارانبارین دەکرێت
گشتی
کوردستان باران و بەفر بەنداو

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە وەرزی پاییزدا سەرڕێژ ببێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە.

رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ، رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆری ساڵی رابردووەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرزبووەتەوە و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی بارانبارین کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستاوە رێکار و ئامادەکاریی تەواویان کردووە و بە وردی چاودێریی بەنداوەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە هەرێکی نەخوازراو بەدوور بن. باسی لەوە کرد، چاودێرییەکان هەرسێ رووی گلدانەوە، عەمبارکردن و بەردانەوەی ئاو دەگرێتەوە.

سەبارەت بە توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکان، بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش دەتوانێت سێ ملیار مەتر سێجا لەخۆ بگرێت، هەروەها بەنداوی دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

بەنداوی دووکان یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بەنداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سەر زێی بچووک لە پارێزگای سلێمانی. ئەم بەنداوە لە ساڵی 1959 دروست کراوە و رۆڵێکی ستراتیژیی هەیە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. 

لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی، هەروەها دروستکردنی بەنداو لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزی؛ بەڵام شەپۆلەکانی بارانبارین و بەفری وەرزی زستانی رابردوو و بەهاری ئەمساڵ، بووژانەوەیەکی گەورەی بە سەرچاوەکانی ئاو بەخشی و مەترسییەکانی وشکەساڵیی رەواندەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژیی پاراستنی ئاسایشی ئاو، گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی بەنداوی نوێ و نۆژەنکردنەوەی بەنداوە کۆنەکان دەدات، بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئاوی باراناو گلبدرێتەوە و لە کاتی قەیران و وەرزی هاویندا سوودی لێ وەربگیرێت. سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکانیش نیشاندەری بوژانەوەی یەدەگی ئاوی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.

 
 
شەنگە ئەحمەد ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة