انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراقچی وەڵامی فەرەنسا دەداتەوە: مێژووی تاوانەکانتان لە جەزائیر بیر نەچێتەوە

عێراقچی وەڵامی فەرەنسا دەداتەوە: مێژووی تاوانەکانتان لە جەزائیر بیر نەچێتەوە
سیاسی
ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی لێدوانەکانی جان نۆیڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، مێژووی داگیرکاریی فەرەنسای لە جەزائیر بەبیرهێنایەوە و رەخنەی توندی لێ گرت.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا، یەک ملیۆن و نیو جەزائیری بە دەستی فەرەنسا کوژراون. هەروا گوتی: "پاریس بە فەرمی کەمتر لە یەک لەسەر دەی ئەو ژمارەیەی تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستاش ئامادە نییە داوای لێبوردن لەسەر تاوانە داگیرکارییەکانی بکات."

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بە توندی پەیامی ئاراستەی جان نۆیڵ بارۆ کرد و نووسیویەتی: "بەسیەتی رشتنی فرمێسکی تیمساح بەڕێز بارۆ، بێدەنگیی تۆ لەو کاتەی ئەمریکا کۆمەڵکوژی دژی منداڵە قوتابییەکانمان کرد، لەبری هەموو قسەیەک دەدوێت."

ئەم کاردانەوەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا دێت، پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە دۆخی ئێران خستبوویە روو. جان نۆیڵ بارۆ لەو لێدوانەدا رایگەیاندبوو، پێویستە ئێرانییەکان مافی ئەوەیان هەبێت بە ئازادی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و رێز لە مافە بنەڕەتییەکانیان بگیرێت.

لێدوانەکانی عێراقچی لە چوارچێوەی ئەو گرژییە دیپلۆماسییانەدا دێت کە ماوەیەکە لە نێوان تاران و پاریس سەریهەڵداوە. ئەم دۆخەش پەیوەندی بە هەڵوێستە بەردەوامەکانی فەرەنساوە هەیە سەبارەت بە پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئێران.

 
 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة