وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و فەرمانگەی ڤێتێرنەری، کاروانێکی مەڕی زیندووی هاوردەکراویان بۆ وڵاتی جۆرجیا گەڕاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان سەلماندیان ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشیی دەم و قاچ بوون کە بە نەخۆشی "قەلەچی"ناسراوە.
دکتۆر حەمید عەبدولغاتی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە، رایگەیاند، تیمە ڤێتێرنەرییەکان لە کەرەنتینەی دەروازەی سنووریی "مونزیریە"، نموونەی خوێنیان لە کاروانەکە وەرگرتووە و پشکنینی وردی تاقیگەییان بۆ کردوون. باسی لەوەش کرد، دوای دەرکەوتنی نەخۆشییە پەتاییەکە، بڕیاری گەڕاندنەوەیان درا، لەبەر ئەوەی لەگەڵ مەرج و رێنماییەکانی هاوردەکردنی ڤێتێرنەریدا یەک ناگرنەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، گەڕاندنەوەی کاروانەکە بە راپۆرتی فەرمی و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەستەی گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی مونزیریە، کەرەنتینەی ڤێتێرنەری و پۆلیسی گومرگ جێبەجێ کراوە.
نەخۆشیی تای قەڵەچی نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی زۆر درمە و زیاتر تووشی ئاژەڵەکانی وەک مەڕ، بزن و مانگا دەبێت. ئەم نەخۆشییە بە خێرایی لە نێو ئاژەڵەکاندا بڵاودەبێتەوە و زیانی گەورەی ئابووری بە کەرتی ئاژەڵداری دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی ئاژەڵەکە، کەمبوونەوەی بەرهەمی شیر و لەناوچوونی بێچووەکانیان.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین جار رووبەڕووی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە بوونەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی، چەندین رێکاری توندی گرتووەتەبەر، لەوانە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی نەخۆشییەکەیان تێدایە، لەگەڵ توندوتۆڵکردنی پشکنینەکان لە دەروازە سنوورییەکان و ئەنجامدانی هەڵمەتی کوتانی ئاژەڵ.
دەروازەی مونزیریە کە دەکەوێتە پارێزگای دیالە، یەکێکە لە دەروازە بازرگانییە گرنگەکانی عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا و ئاژەڵی زیندوو. تیمەکانی کەرەنتینەی ڤێتێرنەری لەو دەروازەیە بەردەوام چاودێریی تەندروستیی ئەو ئاژەڵانە دەکەن کە دەهێنرێنە نێو وڵاتەوە بۆ پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی لە مەترسیی نەخۆشییە دەرەکییەکان.




