انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

هەڵەیەکی ژیریی دەستکرد خەریک بوو ئەمریکا و چین تووشی جەنگ بکات

هەڵەیەکی ژیریی دەستکرد خەریک بوو ئەمریکا و چین تووشی جەنگ بکات
سیاسی
جیهان ژیری دەستکرد ئەمریکا و چین

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵدا سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریک بووە بچێتە سەر کەشتییەکی چینی و دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتێکی هەواڵگریی هەڵە کە بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد ئامادەکرابوو، زانیاریی نادروستی پێ دابوون.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، سی ئێن ئێن، لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە، هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کەشتییە چینییەکە کەرەستە و پێکهاتەی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمیی هەڵگرتووە، ئەوەش وایکرد هێزەکانی ئەمریکا خۆیان بۆ رێگریکردن و گەمارۆدانی کەشتییەکە ئامادە بکەن.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکاندا ئۆپەراسیۆنەکەیان هەڵوەشاندەوە، پاش ئەوەی بۆیان دەرکەوت ئەو نەرمەکاڵایەی ژیریی دەستکرد کە لەلایەن یەکێک لە شرۆڤەکارەکانەوە بەکارهێنرابوو، لە دیاریکردنی جۆری بار و پێکهاتەی کەلوپەلەکانی نێو کەشتییەکەدا تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە.

سی ئێن ئێن، لە زاری یەکێک لە سەرچاوەکانەوە گواستییەوە راپۆرتە هەواڵگرییەکە بە تەواوی هەڵە بووە، بەڵام خەریک بوو جەنگێکی گەورە هەڵبگیرسێنێت. هاوکات سەرچاوەکە باری راستەقینەی کەشتییەکە و شوێنی مەبەستەکەی ئاشکرا نەکردووە.

تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان لەسەر ئەمە نەداوەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوان دروست بوو، دوای ئەوەی توێژەرێک لە کۆمپانیای پێشەنگی ژیریی دەستکرد "ئەنترۆپیک"بە ئاشکرا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی هەیبوو لەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لە ژێر کۆنترۆڵیی مرۆڤ دەربچێت.

لە ماوەی رابردوودا چەندین بانگەواز لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەم بوارە، سیاسەتمەداران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئاراستە کراوە بۆ سنووردارکردنی خێرایی گەشەسەندنی ژیریی دەستکرد. سەرەڕای ئەم هۆشدارییانەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی، دژایەتیی خۆیان بۆ هەر هەوڵێک دەربڕیوە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رێگری لە پەرەپێدان تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بکات.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة