انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراق: 30ـی ئەیلوول قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات

عێراق: 30ـی ئەیلوول قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات
سیاسی
عێراق هێزەکانی هاوپەیمانان حکوومەتی عێراق

 گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، 30ـی ئەیلوول شایستەیەکی سەروەرییە و دەبێتە بنەمایەک بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هاوکات رایگەیاند، حکوومەت بەردەوامە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بەپێی کات و میکانیزمە رێککەوتووەکان.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، "30ـی ئەیلوول شایستەیەکی سەروەرییە بۆ دەوڵەتی عێراق پشت بە لێکتێگەیشتن و پابەندییە فەرمییەکان دەبەستێت، گوتیشی:” حکوومەت بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە رێباز و رێکارێکی روونی گرتووەتەبەر و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات وەک نەگۆڕێکی نیشتمانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان دەگوازێتەوە بۆ چوارچێوەی پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق."

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کرد، عێراق لەم دۆسیەیەدا تەواوی کەرەستە و کارتە دەستووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەبەردەستدایە، جگە لە توانای بەڕێوەبردنی ئاسایشی نیشتمانی لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و هێزە چەکدارەکانیەوە. هەروەها گوتیشی: "حکوومەت بەردەوامە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بەپێی وادە و میکانیزمە پەسەندکراوەکان، و لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتی عێراقیش هیچ گۆڕانکارییەک لەم رێڕەوەدا روونادات."

هاوکات رایگەیاند، سەرۆکوەزیران لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە سەروەریی دەوڵەتی لە پێشەنگی کارنامەکەیدا داناوە، و "رۆژی سەروەری"کردووەتە دەستپێکی راگەیاندنی قۆناخێکی نوێ تا دەسەڵاتی دەوڵەت بە تەواوی بەسەر خاکەکەیدا بچەسپێت، بڕیاری ئەمنی یەکبخرێت و دەسەڵاتی چەکداری تەنیا لە دەستی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکاندا بێت. لەبەر ئەوە 30ـی ئەیلوول رۆژێکی نیشتمانییە دەستکەوتی سەروەری بۆ دەوڵەت و سەرجەم عێراقییەکان بەرجەستە دەکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، عەبوودی جەختی لەوە کردەوە، لە سۆنگەی پەیوەندیی بەتینی نێوان سەروەری، سەقامگیری و متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان، حکوومەتی عێراق کار بۆ پتەوکردنی ئەم بنەمایانە دەکات تاوەکو ژینگەیەکی سەرمایەگوزاریی پارێزراو دابین بکات، بە مەبەستی راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان و سەرمایە، هەروەها دروستکردنی هاوبەشیی بەرهەمهێنەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة