انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی باج بەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی وزەدا دەکات

یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی باج بەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی وزەدا دەکات
ئابووری
جیهان یەکێتی ئەوروپا سزادانی کۆمپانیاکان

وەزیرانی دارایی دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا، تاوتوێی پرسی سەپاندنی باجێکی سەرتاسەرییان لەسەر ئاستی یەکێتییەکە کرد بەسەر قازانجە بێوێنەکانی کۆمپانیاکانی وزەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز دوای داخرانی گەرووی هورمز قازانجێکی زۆریان دەستکەوتووە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو گفتوگۆی زیاتریش لەم بارەیەوە بکرێت.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، ئەم پرسە لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا خرایە بەرباس، کاتێک وەزیرانی دارایی هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، پورتوگال، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و نەمسا هۆشدارییان دا کە بەکاربەران باجی یەکێک لە گەورەترین شۆکەکانی دابینکردنی نەوت لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتیی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان. ئەم نیگەرانییانە هاوکاتن لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پۆڵەندا، یۆنان، فینلەندا، سلۆڤاکیا و ئیستۆنیا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، لارس کلینگبایل، وەزیری دارایی ئەڵمانیا، لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی یەکێتیی ئەوروپا لە دەبلن، داوای لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد میکانیزم و رێگاکانی سەپاندنی باج بەسەر ئەو قازانجە لەڕادەبەدەرانەی کۆمپانیا نەوتییەکان بخاتەڕوو.

کلینگبایل رایگەیاند: "کۆمیسیۆنی ئەوروپا زۆر بە وریایی و پارێزکارییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی چەند وڵاتێکی ئەندام بۆ پێشکەشکردنی مۆدێلی گونجاو لەم بارەیەوە. پێویستە ئەم پێشنیازانە پێش کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی کاروباری ئابووری و دارایی یەکێتیی ئەوروپا (ئیکۆفین) لە مانگی تشرینی یەکەم بخرێنەڕوو. من ئەمڕۆ پێداگری لەسەر ئەم داواکارییە دەکەمەوە و لە جیاتی وڵاتانی دیکەیش بەردەوام دەبم لە فشارەکان بۆ بەدیهێنانی."

لە بەرامبەردا، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکیس، کۆمیسیاری ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا، روونیکردەوە، ئێستا کۆمیسیۆن هیچ پلانێکی نییە بۆ خستنەڕووی میکانیزمێکی سەپاندنی باج لەسەر ئاستی تەواوی یەکێتییەکە.

دۆمبرۆڤسکیس جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەندام خۆیان بەرپرسیارن لە دیاریکردنی سیستەمی باجەکانیان، و ئازادن لەوەی ئەگەر پێویست بزانن، بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو جۆرە باجانە بسەپێنن.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة