گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێر دوای بەجێگەیاندنی سوننەتی عومرە لە شاری مەککەی پیرۆز لە سعوودیە، بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا.
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، عومرەکارێکی کورد بە ناوی "سەید نەجمەدین مەغدید سەعید"کە دانیشتووی شاری هەولێرە و لەدایکبووی ساڵی 1967ە، لە کاتی بەجێگەیاندنی سوننەتی عومرە لە شاری مەککەی پیرۆز کۆچی دواییکرد.
کاروان ستونی روونی کردەوە، ناوبراو پێشتر هیچ نەخۆشییەکی کوشندەی نەبووە و ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ هاوسەر و کەسوکارەکەی بە مەبەستی عومرەکردن گەشتی سعوودیەی کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەکی لەناکاو باری تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی حەج و عومرە بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی کۆچکردوو کرد و هیوای ئارامیی بۆ خواستن.
هاوکات ئاماژەی دا، بڕیارە دوای تەواوکردنی رێکارە فەرمییەکان و ئەنجامدانی نوێژی مردوو، تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "شەڕائیع"لە شاری مەککەی پیرۆز بەخاک بسپێردرێت، کە بەمەش دەبێتە سێیەم هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی وەرزی عومرەی ئەمساڵەوە لە سعوودیە کۆچی دوایی بکات.




