انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەوروپا هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی دەریاوانی لە دەریای سوور چڕ دەکاتەوە

ئەوروپا هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی دەریاوانی لە دەریای سوور چڕ دەکاتەوە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان ئێران و یەکێتی ئەوروپا گەرووی هورمز گەرووی باب ئەلمەندەب

 بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئاستی ئامادەباشیی کەشتییەکانی ئەرکی دەریایی یەکێتییەکە لە دەریای سوور بەرزکراوەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە هێرشەکانی حووسییەکان. هاوکات کالاس هێرشەکانی بۆ سەر سعوودیە شەرمەزار کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە زیان بە ئابووریی جیهانی دەگەیەنن. لە لایەکی دیکەشەوە ئیتاڵیا ئامادەکاری بۆ ناردنی ئەرکێکی دەریایی تایبەت بە خۆی دەکات.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە قبووڵنەکراون و ئابووریی جیهان لاواز دەکەن، رایگەیاند، لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن و گەڕاندنەوەی ئازادیی دەریامەوانی لە ناوچەکەدا، و جەختی کردەوە پێویستە هاتوچۆی دەریایی بێ کۆسپ و بەربەست بێت. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا روونیشیکردەوە: "کەشتییەکانی "ئەسپیدس"بەردەوام دەبن لە یاوەریکردن و پاراستنی کەشتییەکان.

یەکێتیی ئەوروپا لە شوباتی 2024 ئەرکی دەریایی "ئەسپیدس"ی بە ئامانجی هاوکاریکردن لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور لە بەرامبەر هێرشەکانی حووسییەکان راگەیاند. جگە لەم ئەرکە، یەکێتییەکە ئۆپەراسیۆنی "ئەتالانتا"شی هەیە بۆ پاراستنی هێڵەکانی دەریامەوانی لە کەناراوەکانی سۆماڵ.

هاوکات گویدۆ کرۆزێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا داوایکرد، ئامادەبوونی هێزی دەریایی لە دەریای سوور زیاتر بکرێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب.

ئیتاڵیا کە بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنی "ئەسپیدس"، پێنجشەممە ئاشکرایکرد، سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەرکێکی دەریایی تایبەتە لە ناوچەکەدا و ناتوانێت چاوەڕێی وەڵامدانەوەی یەکێتیی ئەوروپا بکات بۆ ئەم قەیرانە نوێیە.

کرۆزێتۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"گوتی: "دوای ئەو لێدوانانەی دام، جووڵەیەک لە ئەرکی ئەسپیدس دروست بوو، بەڵام ئێمە پێویستمان بە کەشتیی زیاترە". کرۆزێتۆ رەخنەی لە کەمیی بەشداریی وڵاتان گرت و گوتی: "تەنیا ئیتاڵیا و یۆنان بە راستی پاڵپشتی لە هەوڵە ئەمنییەکان دەکەن"، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەو کەشتییانە ئاشکرا بکات کە پێویستن بۆ پاراستنی ناوچەکە.

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا باسی لەوەش کرد کە رۆما بڕیاری داوە بە هێزی دەریایی خۆی دەستپێشخەری بکات، لەبەر ئەوەی نایەوێت "بیرۆکراسییەتی ئەوروپی"ببێتە رێگر لە بەردەم وەڵامدانەوەی خێرا بۆ پێشهاتەکان، و هۆشداریشی دا کە هەر دواکەوتنێک دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی "ئاسارماتۆری"کە نوێنەرایەتیی کەشتیگەلی بازرگانیی ئیتاڵیا دەکات، نزیکەی 40%ـی بازرگانیی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا بە نێو دەریای سوور و نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕێت.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة