وەزارەتی بەرگریی سعودیە راگەیاند، چوارەمین کۆبوونەوەی پلاندانانی هاوپەیمانیی دەریایی بەرگریی فرەنەتەوە لە شاری جەددە بەڕێوەچوو، بە بەشداریی 154 فەرماندەی هێزی دەریایی، پلاندانەر، باڵیۆز و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا لە 41 دەوڵەتەوە.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێگاکانی پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی بەشدار لە بوارە دەریایی و بەرگرییەکاندا کرا، بە ئامانجی پشتگیریکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و ئازادیی دەریامەوانی.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی سعوودیە جەختیکردەوە، هاوپەیمانییەکە گەیشتووەتە قۆناخی توانای سەرەتایی کارپێکردن (IOC)، و ئێستا کار لەسەر یەکخستنی تواناکان و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی و بوونی فیعلی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکاندا دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییە دەریاییەی سعوودیە دایمەزراندووە، هاوتەریب لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەریاییەکان، چەمکی ئاسایشی دەریایی بەکۆمەڵ دەچەسپێنێت و پارێزگاری لە ئازادیی دەریامەوانی، رێڕەوە ئاوییەکان و گەرووە دەریاییەکان دەکات. هەروەها دەبێتە پاڵپشتێک بۆ بەردەوامیی بازرگانیی نێودەوڵەتی و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی، لە رێگەی هاوبەشییەکی فرەنەتەوەیی بەرگرییەوە کە پشت بە پەیماننامەی هاوپەیمانییەکە و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی چالاککردنی سەرکردایەتی و پێشوازیکردن لە کادرانی وڵاتانی ئەندام، هاوپەیمانییەکە قۆناخی تەواوکردنی بەڵگەنامە و داڕشتنی پێکهاتەکانی تێپەڕاندووە بەرەو یەکخستنی تواناکان و بەرزکردنەوەی ئامادەباشیی کارپێکردن، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دیاریکراوەکانی.
ئەم هەنگاوانە هاوپەیمانییەکە دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەی راگواستن لە قۆناخی بونیاتنانی دامەزراوەییەوە بۆ کارکردنی هاوبەشی مەیدانی، بەتایبەت لە ناوچەیەکدا کە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان تێیدا یەکدەگرنەوە و چەندین رێڕەوی دەریایی لەخۆدەگرێت کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە سەقامگیریی بازرگانی و زنجیرەی دابینکردنی جیهانییەوە هەیە.




