انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ماکرۆن: کار بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا دەکەین

ماکرۆن: کار بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا دەکەین
سیاسی
جیهان فەرەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی کار لەسەر پڕۆژەی راکێشانی بۆرییەکی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن دەکات، تا لەو رێگەیەوە نەوتی عێراق بگەیەنرێتە بازاڕەکانی ئەوروپا. جەختیشی کردەوە کە کار بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی نەوت لە دەرەوەی گەرووی هورمز دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، پاریس هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دابینکردنی سەرچاوەی بەدیل و نوێی وزە، بە شێوەیەک کە پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت، هاوکات راشیگەیاند، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان واشنتن و تاران بەدوور نازانێت.

سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا کە ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکە بوونەتە هۆی هەڵکشانی بەرچاوی نرخی وزە لە جیهاندا و گوتی: فەرەنسا هیچ دەستێوەردانێکی لە تێکچوونی دۆخی گەرووی هورمزدا نەبووە، بەڵکو هاوکار و بەشدار بووە لە پاراستنی کەشتییەکاندا و لە ئێستاشدا داوای چارەسەرێکی ئاشتییانە دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا دەربارەی دۆخی ئەوروپا و گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆ، ماکرۆن هۆشداری دا کە هێرش و هەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، جەختیشی کردەوە کە فەرەنسا لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامی ئۆکرانیا سوورە و هەڵوێستی تەواوی ئەوروپاش بەرانبەر بەو پرسە یەکلاکەرەوە و نەگۆڕە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة