انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

فاینانشیاڵ تایمز: پاکستان داوای لە ئێران کردووە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە رابگرێت

فاینانشیاڵ تایمز: پاکستان داوای لە ئێران کردووە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە رابگرێت
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاکستان سعوودیە حووسییەکان ئێران

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی رایگەیاندووە، فەرماندەی سوپای پاکستان داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە هەژموونی خۆیان بەکار بێنن بۆ راگرتنی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە، هاوکات ئاماژەی بە رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش لەگەڵ ریاز کردووە و هۆشداری داوە لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.

رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، مونیر چەندین جار داوای لە سەرکردەکانی ئێران کردووە یارمەتیدەر بن لە راگرتنی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە و ژێرخانی ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، فەرماندەی سوپای پاکستان جەختی لە سەر پابەندبوونەکانی ئیسلام ئاباد بەرامبەر سعوودیە کردووەتەوە، بێ ئەوەی هەڕەشەی راستەوخۆی ئاڕاستە بکات. لە بەرامبەردا بەرپرسێکی پاکستانی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان گوتی: "ئێران دەڵێت ئەمە ناکۆکی نێوان سعوودیە و یەمەنە، بەڵام دەردەکەوێت زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان لە بەرژەوەندی سیاسەتی ئێراندا بێت لە ناوچەکەدا."

فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە، پاکستان کە لە مانگی نیسانی رابردوودا فڕۆکەی جەنگی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی سعوودیە جێگیر کردووە، لە هەڵوێستێکی سەختدایە. شیکەرەوان پێیان وایە پابەندبوونەکانی پاکستان بەپێی رێککەوتننامەی مەککە و کێشە داراییە سەختەکانی، وا دەکات نەتوانێت داواکارییەکانی ریاز رەت بکاتەوە.

ئەم ئاماژانەی پاکستان بۆ چالاککردنی رێککەوتننامەی مەککە لە کاتێکدایە کە هێرشی حووسییەکان لەم رۆژانەی دواییدا بۆ سەر سعوودیە زیادی کردووە. هاوكات هاوپەیمانی پاڵپشتی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، حووسییەکان هەوڵیان داوە مەککەی بکەنە ئامانج، بەڵام حووسییەکان ئەم تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی بەرپرسانی پاکستان سەبارەت بە چالاککردنی رێککەوتننامەکەی 7ی ئابی رابردووی نێوان پاکستان، سعوودیە و تورکیا جیاوازی هەبووە. خەواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان هۆشداری دا ئەگەر ئاڵۆزییەکانی یەمەن پەرەبسێنن بۆ سەر ریاز، هاوپەیمانی بەرگری سێقۆڵیی مەککە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە هێرش بۆ سەر هەریەک لەم وڵاتانە وەک هێرش بۆ سەر هەموان ئەژمار دەکرێت.

لە بەرامبەردا، سەجاد حەیدەر خان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە 10ی ئەیلوول ئاشکرای کرد کە ئیسلام ئاباد باسی لە هیچ وەڵامدانەوەیەکی سەربازی نەکردووە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی مەککەدا. ئاماژەی بەوەش دا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێویست بە بەشداریکردنی راستەوخۆی پاکستان لە جەنگی یەمەندا ناکات.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة