انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

بەهۆی کەمی داهاتەوە؛ چینی ناوەڕاست لە عێراق توانای کڕینی خانوویان نەماوە

بەهۆی کەمی داهاتەوە؛ چینی ناوەڕاست لە عێراق توانای کڕینی خانوویان نەماوە
ئابووری
عێراق

توێژەرێکی ئابووری رایدەگەیەنێت، گرانبوونی نرخی خانوبەرە و زەوی لە عێراق بووەتە رێگرێکی سەرەکی لەبەرامبەر بەدەستهێنانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مووچەخۆران و چینی ناوەڕاست، و فەرمانبەر بۆ کڕینی خانووێکی بچووک لە دەوروبەری شارەکان، پێویستی بە پاشەکەوتکردنی بەردەوامی 25 ساڵی تەواوی مووچەکەیەتی.

عەلی کەریم ئیدهیب، توێژەر لە باری ئابووری و دارایی لە رێکخراوی «أضواء دجلة للتخطيط الاستراتيجي» رایگەیاند، تەشەنەسەندنی قەیرانی نیشتەجێبوون و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خانوبەرە لە عێراق، بووەتە ئاستەنگێکی بەربڵاو کە چینێکی زۆری مووچەخۆران و چینی ناوەڕاست لە توانای خاوەندارێتیکردنی ماڵێک بێبەش دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، بە شێوەیەکی تیۆری فەرمانبەرێک پێویستی بە نزیکەی 25 ساڵ پاشەکەوتکردنی بەردەوام هەیە بۆ کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بچووک لە دەوروبەری شارەکاندا.

ئەو توێژەرە روونیشی کردەوە، لێکۆڵینەوە لە پلەی مووچەی حکوومی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پلە وەزیفییەکان بەپێی دەرماڵە بەخشراوەکان نیشان دەدات، و توانای پاشەکەوتکردنی فەرمانبەرانی لە ماوەی 25 ساڵدا بۆ سێ چین و پۆلی سەرەکی دابەش کردووە:

- تازە دامەزراوان و پلە نزمەکان (مووچەی نێوان 450 تا 700 هەزار دینار): لە حاڵەتی پاشەکەوتکردنی 300 هەزار دیناری مانگانە، کۆی پاشەکەوتەکە دوای 25 ساڵ دەگاتە نزیکەی 90 ملیۆن دینار.
- پلە ناوەندەکان و خاوەن ئەزموونەکان (مووچەی نێوان 800 هەزار تا 1.3 ملیۆن دینار): لە حاڵەتی پاشەکەوتکردنی 500 هەزار دیناری مانگانە، کۆی پاشەکەوتەکە لە هەمان ماوەدا دەگاتە نزیکەی 150 ملیۆن دینار.
- پلە باڵاکان و وەزارەتە تایبەتمەندەکان (مووچەی زیاتر لە 1.8 تا 3 ملیۆن دینار): لە حاڵەتی پاشەکەوتکردنی یەک ملیۆن دیناری مانگانە، پێشبینی دەکرێت پاشەکەوتی تیۆری بگاتە نزیکەی 300 ملیۆن دینار.

ئەو توێژەرە ئابوورییە روونیشی کردەوە کە ئەم ژمارانە "ئەژمارکردنی خەمڵێندراو و گریمانەیین"بۆ دەرخستنی قووڵی بۆشاییەکەیە، نەک بڕە پارەی مسۆگەرکراو؛ چونکە بەشێکی زۆری داهاتەکان بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بژێوی رۆژانە و پێداویستییە زیادبووەکانی خێزان خەرج دەکرێن، کە ئەوەش وا دەکات پاشەکەوتی راستەقینە زۆر کەمتر بێت لەم گریمانانە.

ئێدهیب ئاماژەی بەوەش دا کە ئاستەنگەکە تەنیا لە ئاستی مووچەکاندا نییە، بەڵکو لە فراوانبوونی بۆشایی نێوان گەشەی داهات و بەرزبوونەوەی توندی نرخی زەوی و کەلوپەلی بیناسازی، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمی دابینکردنی دارایی و قەرزی نیشتەجێبوونی درێژخایەن و ئاسانکراو بۆ فەرمانبەرانی خاوەن داهاتی دیاریکراو.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە پێویستی بە پاکێجێکی سیاسەتی حکوومی گشتگیر هەیە، کە بنەمای لەسەر دابەشکردنی زەوی خزمەتگوزارکراو بە ژێرخانی ئابووری، خێراکردنی گەشەپێدانی شارە نوێیەکان، و زیادکردنی خستنەڕووی نیشتەجێبوونی تایبەت بە توێژەکانی ناوەڕاست و کەمدەرامەت بێت، و جەختیشی کردەوە لە پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی نیشتەجێبوون وەک پرسیارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەپەلە بێت، نەک تەنیا دۆسیەیەکی خانوبەرە.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة