انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

مەسرور بارزانی: عێراقێکی بەهێز پێویستی بە کوردستانێکی بەهێزە

مەسرور بارزانی: عێراقێکی بەهێز پێویستی بە کوردستانێکی بەهێزە
سیاسی
کوردستان

پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی قوتابییانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت.

لە مەراسیمی ئەمساڵدا 122 قوتابی لە چوار کۆلێژ و هەشت پرۆگرامی بەکالۆریۆس بڕوانامە وەردەگرن، کە 68 دەرچووی کۆلێژی ئەندازیارین، 31 دەرچوو لە کۆلێژی هونەر و زانستەکان، 13 دەرچوو لە کۆلێژی بازرگانی، و 10 دەرچووش لە کۆلێژی پەرستارین.

لە ئاهەنگەکە مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ئەمەش دەقی گوتارەکەی:  

بەناوی خودای بەخشندە و مێهررەبان

بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز کاک موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس

بەڕێز، پاتریارک مار پۆلسی سێیەم نونا پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد

ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

وەزیرەکان

ئەندامانی دەستەی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک،

بەڕێز سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان،

بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی زانکۆ،

ئەندامان و ستافی فاکەڵتی،

میوانانی هێژا،

دایکان و باوکان و خێزانە بەڕێزەکان،

دەرچووانی خولی حەوتەمی زانکۆی ئەمریکیی لوردستان،

ئێوارەتان باش و هەموو لایەک زۆر بە خێربێن.

 

بە پێوسیتی دەزانم لێرە سوپاسێکی زۆری پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ناوخۆ بکەم، بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام تاوەکوو بتوانێن لێرە کۆببینەوە و ئاهەنگ بکەین؛ هاوکات سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنوێنین، کە بەهۆی ئەوانەوە ئێمە گەیشتوویەنەتە ئەم قۆناغە.

سوپاسێکی تایبەتم بۆ برای بەڕێزم نێچیرڤان بارزانی، بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ زانکۆی ئەمریکی کوردستان و پرۆسەی خوێندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەیە.

پیرۆزبایی دەرچوونی قوتابیان خۆشەویست لە خولی حەوتەمی زانکۆ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و بەو هیوای لە داهاتوو سەرکەوتنی بەرزتر بەدەسبهێنن.

دەرچووانی خۆشەویست، بەر لەوەی دەست بە قسەکانم بکەم، ئاوڕێک بدەنەوە و بڕواننە ئەو کەسانەی لە پشتتانەوەن؛ دایک و باوک، خوشک و براکانتان، مامۆستایان و هاوڕێیانێک کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە. ئەمشەو شەوی ئەوانیشە، بۆیە چەپڵەیەکی گەرمیان بۆ لێبدەن.

ئێستاش بڕواننە تەنیشت خۆتان؛ ئەمشەو بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشینە 122 دەرچوو، 117 کەس لە ئێوە دێنە سەر ئەم سەکۆیە. بەشێکتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، هەندێکتان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و هەندێکیشتان لە دەرەوەی عێراقەوە. لە شاری جیاواز، بیروباوەڕ و زمانی جیاوازەوە لەسەر یەک مێز کۆبوونەتەوە. سەرباری چیرۆکی جیاوازی هەر یەکێکتان، ئێوە لێرەن وەک یەک پۆل، یەک سەکۆ و یەک ئاییندە. ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەم زانکۆیە ڕێک بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.

وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ و وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەردەمتاندا وەستاوم، بەڵام ئەمشەو وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە بڕوای پێتانە. 12 ساڵ پێش ئێستا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان خەونێک بوو، ئەمشەو ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەونەکە شایستەی ئەوە بوو بۆی تێبکۆشین.

دەرچوونی ئێوە لە ساتەوەختێکی گرنگدایە؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییەوە، عێراق لە جەرگەی ئەو هاوکێشەیەدایە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە. لێرە لە کوردستان، زوو هەستمان بەو مەترسییانە کرد و بە خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا کەوتینە جووڵە. ئەمڕۆ لە چوارچێوەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، هەوڵە هاوبەشەکانمان پایەی عێراقێکی نوێی دامەزراندووە؛ حکوومەتێک کە بڕیارمان داوە بە تەواوی و چالاکانە پاڵپشتیی لێ بکەین، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە.

پاڵپشتیی ئێمە تەنیا قسە نییە، چونکە کاتێک سەرهەڵدانی جەنگ لە گەرووی هورمزدا ناوچەکەی شڵەژاند، هەرێمی کوردستان هاوکار بوو لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. کاتێک هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە کارەبا بوو، ئێمە بۆمان دابین کردن؛ ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان خۆیشی پێویستی بە کارەبا بوو. هاوبەشی بەم شێوەیەیە، بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە کرداردا بەم جۆرەیە، چونکە ئێمە تێدەگەین کە دامەزراوەی بەهێز بۆ هاووڵاتیی ئاسایی واتای چییە؛ واتا دادپەروەری، سەقامگیری و ئاییندەیەک کە لەسەر بەهرە بنیات نرابێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرژەوەندی.

ئەم کارانەمان لە کاتێکدا کردووە کە لەژێر هێرشدا بووین؛ هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تیرۆریستی بووەوە، زیاتر لە هەزار درۆن و مووشەک ئاراستەی ژێرخان، ئابووری و پێشکەوتنی ئێمە کران. ئامانجیان ئەوە بوو کوردستان لە پێشکەوتن پەکبخەن، بەڵام شکستیان هێنا. ئێمە خۆڕاگر بووین و ئاراممان گرت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا لە پێناو هەموو عێراقدا لە کارکردن بەردەوام بووین. ئێمە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا داعشمان تێکشکاند، ئێستاش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشانە دەبینەوە و تێکیان دەشکێنین.

دەمەوێت ئەم ڕاستییەتان لە یاد بێت: عێراقێکی بەهێز پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە؛ کوردستانێکی بەهێز ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ناوچەکە دەهێنێت. کوردستانێکی بەهێزیش پێویستی بە یەکڕیزییە. ئەم ڕاستییە بنەمای ڕێنمایی و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییە و بە هەمان شێوە، بنەمای ڕێبەری نیشتمانی و باوکی دامەزرێنەر مستەفا بارزانی بوو، کە ناوەکەی لەسەر باڵەخانەی دامەزراندنی ئەم کەمپەسە هەڵکۆڵراوە و ئەو بنەمایەشە کە ئێمە ڕۆژانە کاری پێدەکەین.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

ئێمە پێشڕەوی ناوچەکەین لە کولتووری دابەشکردنی دەسەڵات، هاوبەشیمان هەڵبژارد لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باڵادەستییان هەڵبژارد. لە داکۆکیکردن لەم بنەمایە بەردەوام دەبین؛ لە هەولێر، لە بەغدا و لە هەر شوێنێک کە دەنگمان پێی بگات.

ئێوە چوار ساڵتان لەژێر سایەی ئەو بنەمایەدا بەڕێ کرد؛ لە هەر پڕۆژەیەکی بەکۆمەڵدا لەگەڵ هاوپۆلێکتان لە شارێکی دیکە، لە هەر شەوێکی درەنگوەختی کتێبخانەدا لە پاڵ کەسێکدا کە چیرۆکەکەی لە هیی تۆ جیایە. ئێوە بەڵگەی زیندوون کە ئەم ئەزموونە سەردەکەوێت.

ئێستاش با باسێکی ئەم زانکۆیەتان بۆ بکەم کە ئێوە جێی دەهێڵن، دەمەوێ پێتان بڵێم کە ئەم زانکۆیە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت:

زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمییەوە، دانپێدانانی بەدەست هێناوە؛ یەکەم زانکۆیە لە عێراقدا کە پێگەی بەربژێریی لەلایەن دەستەی دانپێدانانی دامەزراوەیی ئەمریکاوە پێدراوە، یەکەم زانکۆی عێراقیشە کە دانپێدانانی ئەمریکای لە پڕۆگرامی پەرستاریدا بەدەست هێنابێت.

هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی ورد کە ئێمە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکاری و ئامرازی پێشکەوتوو، زانکۆیەک کە بە سیستەم بەڕێوە دەچێت نەک تەنیا بە کەسەکان؛ زانکۆیەکی بەدامەزراوەییکراوە و بۆ مانەوە بنیات نراوە. ئەم دەستکەوتانە بە یەک دەیە بەدی هاتوون و شانازییان پێوە دەکەم.

بەڵام هەر بەمە ناوەستین، چونکە باشبوون لە شتێکدا بە واتای دروستکردنی کاریگەریی ویستراو نایەت؛ بۆیە ئەرکمان لە دەیەی داهاتوودا ئەمەیە: لە نایابییەوە بەرەو کاریگەری بڕۆین. چیتر ستانداردەکانی خۆمان ناکەینە تاکە پێوەری هەڵسەنگاندن، بەڵکوو دەستکەوتەکانمان بەو جیاوازییە دەپێوین کە لە خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و ژیانی گەلاندا دروستی دەکەین.

زانکۆی ئەمریکیی کوردستان دەبێتە نموونە، وەک چۆن ئێستا بۆ گەلێک دەستپێشخەریی دیکە نموونەیە. تا ساڵی 2035، ڕوانینمان سادە و ئازایانەیە: زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەبێتە بژاردەی یەکەمی قوتابییان.

ئەم کاریگەرییە لێرەوە دەست پێدەکات؛ ئەمڕۆ بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانم کردەوە، کە یەکەم باڵەخانەیە لە تەواوی عێراقدا بڕوانامەی زێڕینی LEED بەدەست بهێنێت. ئەوانەی دەزانن بۆ بەدەستهێنانی LEED Gold دەبێت چی بکرێت، لە گەورەیی ئەم دەستکەوتە تێدەگەن؛ چونکە پێوەرەکان کارایی وزە، دەستپێوەگرتنی ئاو، جۆری کەرەستەکان و تەنانەت تەندروستیی نیشتەجێبووان و ئەوانەی لە باڵەخانەکەدا کار دەکەن دەگرێتەوە. ئەم باڵەخانەیە بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتی لێرە لە دهۆک بنیات نراوە و دەبێتە نموونە بۆ تەواوی وڵات. وەک سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و سەرۆکوەزیران، پابەندم بە پاراستنی ژینگە و دەمەوێت دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بنیاتنەری ئەم ڕەوتە بن.

ئەوەی لێتان دەخوازم ئەمەیە: پابەندی بەرزترین ستانداردە ئەخلاقییەکان بن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە کەس چاودێریتان ناکات. لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن، نیشتمان و ناسنامەی خۆتان لە یاد بێت. وەفادار بن بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی وەبەرهێنانی تێدا کردوون. بیرتان بێت بەر لەوەی خۆتان درکی پێ بکەن، کەسانێک متمانەیان بە ئێوە هەبوو. ڕێز و خۆشەویستیتان بۆ ئەم خاک و هەسارەیە هەبێت. بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری و یەکسانی بەرجەستە بکەن؛ سەرەتا لە ژیانی خۆتان و پاشان لەو کۆمەڵگەیەی بنیاتی دەنێن.

بۆ ئەوەی سەرکردایەتی و پێشەوایەتی بکەن، چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس مەکەن. چاوەڕێ مەکەن کەسێک شتێک چاک بکاتەوە کە بە ئێوە چاک دەکرێت. ڕێگە بە هیچ کەسێک مەدەن گومان لە تواناکانتان بکات، یاخود ئەوانەی ڕەشبینن، تەنانەت ڕێگە بە ترسی ناو ناخی خۆشتان مەدەن پێتان بڵێت ئەم ناوچەیە پێش ناکەوێت؛ بەڵکوو دەتوانێت و پێش دەکەوێت، پێشکەوتنەکەشی لەسەر دەستی کەسانی وەک ئێوە دەبێت.

ئێوە هاتنە ئێرە بۆ ئەوەی فێر ببن، ئێستاش کە ئێرە جێدەهێڵن، بە جیهانی پێشان دەدەن کە دەتوانن چی بکەن.

پیرۆزە لە دەرچووانی 2026.

سەرکەوتوو بن و هیوادارم هەمیشە جێگەی شانازیمان بن.

دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة