سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزای لەسەر هاووڵاتییانی ئەڵمانیا راگەیاند و ئاسانکاری گەورەی لە بواری پێدانی مۆڵەتی نشینگە و لێخۆشبوونی باج بۆ سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکوومەت بڕیاری داوە ڤیزا لەسەر هاووڵاتییانی ئەڵمانیا هەڵبگرێت.
زەیدی ئاماژەی بەوە دا، هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی سەردانی عێراق بکات، لە ماوەی کەمتر لە حەوت رۆژدا مۆڵەتی نشینگەی پێدەدرێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سەرمایەدارانی ئەڵمانیا کرد روو لە عێراق بکەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان، هەروەها گوتی، هەر وەبەرهێنەرێکی ئەڵمانی بێتە عێراق، بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە پێدانی باج و گومرگ دەبەخشرێت و لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیدا ئاسانکاری تەواوی پێشکەش دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەیلوول، عەلی زەیدی سەردانی ئەڵمانیای کرد و ئەم بڕیارەی وەک بەشێک لە هەوڵەکانی عێراق دێت بۆ کرانەوەی زیاتر بە رووی وڵاتانی ئەوروپا و هاندانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وڵات.




