انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە بابل سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ئاسەوار دەستگیرکران

لە بابل سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ئاسەوار دەستگیرکران
گشتی
عێراق ئاسەوار شاری بابل شوێنەوار

دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای بابل راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ئاسەوار و دەستبەسەرداگرتنی چەند پارچە ئاسەوارێکی مێژووییان راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی ئەمنی، تیمێکی هاوبەشی ئەمنی لە مەفرەزەکانی پۆلیسی باکوور، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا توانییان سێ تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ئاسەوارەوە لە سنوری پارێزگاکە دەستگیر بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد بۆ جووڵەی تۆمەتباران ئەنجام دراوە. هێزە ئەمنییەکان توانویانە لە کاتی شۆفێریکردنی ئۆتۆمبێلێکدا کە تابلۆی پارێزگای واستی پێوە بووە، تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن، کە لە هەمان کاتدا دەست بەسەر سێ پارچە ئاسەواری جیاواز لەڕووی شێوە و قەبارەوە گیراوە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکان دانیشتووی پارێزگای قادسیەن و رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان گیراونەتە بەر و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو کراون، تاوەکو لێکۆڵینەوە و رێکارە یاساییە پێویستەکان تەواو بکرێن.

پارێزگای بابل، بەهۆی بوونی شارستانیەتی کۆنی بابل و سەدان شوێنەواری مێژوویی و شارستاتی گرنگ، یەکێکە لەو ناوچانەی عێراق کە بەردەوام رووبەڕووی مەترسیی دزین و قاچاخچێتیکردن بە ئاسەوار دەبێتەوە. دەزگا ئەمنییەکان ساڵانە چەندین تۆڕی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی قاچاخچیی ئاسەوار دەستگیر دەکەن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە کەلەپوور و پارچە ئاسەوارە مێژووییەکانی سەردەمی سۆمەری، بابلی و ئاشوورییەکان.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة