انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لە شێخان جووتیاران دەستیان بە چنین و کۆکردنەوەی زەیتوون کردووە

لە شێخان جووتیاران دەستیان بە چنین و کۆکردنەوەی زەیتوون کردووە
ئابووری
کوردستان شێخان بەرهەمی زەیتوون

گوندی دەکان، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سەنتەری قەزای شێخان، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر داری زەیتوونە. زەیتوونی ئەم گوندە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەناوبانگە و وەک یەکێک لە باشترین جۆرەکانی زەیتوون ئەژمار دەکرێت.

ئێستا وەرزی پێگەیشتنی زەیتوونە. جووتیارانی گوندەکە بە شێوازی هاوکاری و یارمەتیدانی یەکتری دەستیان بە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان کردووە تاوەکو رەوانەی بازاڕەکانی بکەن.

دانیشتووانی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن زەیتوونەکانیان زێڕی زەردین و زۆر بەنرخ و بەبەرەکەتن، چونکە بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین دەکەین و بەرهەمی ساڵانەی ئەم گوندە دەگاتە زیاتر لە 500 تۆن.

نەوزاد زووبێر، جووتیارێکی دەڤەرەکەیە بەی راگەیاند، زەیتوونی دەکان لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بەناوبانگە و هیچ زەیتوونێک وەک زەیتوونی گوندی دەکان نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، تەمەنی ئەم دار زەیتوونانە زیاتر لە 100 ساڵە. و گوتیشی، ئەم زەیتوونەی ئێستا دەیکەنەوە تەنیا بۆ خواردن و ترشییاتە و رەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەسڕە و مووسڵ دەکرێت. باسی لەوەش کرد، لە مانگی 11 بەدواداوە کاتێک زەیتوونەکە رەش دەبێت، جۆرێکی تریان دەست پێدەکات کە بەتایبەتی بۆ دەرهێنانی رۆن بەکاردێت.

جەواهر یوسف، خانمە جووتیارێکی دەڤەرەکە بەی راگەیاند، لە کۆنەوە و تا ئەو کاتەی بیرمانە، زەیتوونی گوندی دەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەناوبانگ بووە و خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانەوە بە بارهەڵگرەوە هاتوون بۆ کڕینی بەرهەمەکانیان.

قەزای شێخان و دەوروبەری بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دەناسرێن، کە خاوەنی کەشوهەوا و خاکێکی گونجاوە بۆ چاندنی ئەم دارە. ساڵانە لە وەرزی پایزدا، بە هەزاران تۆن زەیتوون لە باخەکانی سەر بەم ناوچەیە بەدەستدێت و جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی بۆ خواردن و رۆن، بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکە رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت و بڕبڕەی پشتی ئابووری و بژێوی سەدان خێزانی جووتیاری ناوچەکەیە.

 

 
 
ئاری حوسێن ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة