انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: هۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا

ترەمپ: هۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا
سیاسی
جیهان یەکێتی ئەوروپا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت. لە هەمان کاتدا، هۆشدارییەکی توندی دایە یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی نزیکبوونەوەی کەنەدا لەو یەکێتییە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رەوتی ململانێکانی ئێستا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە لە قۆناخەکانی کۆتایی جەنگداین لەگەڵ ئێران". هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، تاران خواستی گەیشتن بە رێککەوتنی هەیە و رایگەیاند: "ئەوان بە پەرۆشییەکی زۆرەوە رێککەوتنیان دەوێت، با بزانین دۆخەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارلۆت دۆگلاس لە ویلایەتی نۆرس کارۆلاینا هات، بە مەبەستی پێشکەشکردنی گوتارێکی هەڵبژاردن بۆ پشتگیریکردنی مایکڵ واتلی، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ ئەنجومەنی پیران، سەردانی ئەو ویلایەتەی کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر ئەگەرەکانی رێگەدانی یەکێتیی ئەوروپا بە کەنەدا بۆ بوون بە ئەندامێکی هاوبەش (Associate Member) لە یەکێتییەکە و بە "کارێکی دوژمنکارانە و پێکەنیناوی"وەسفی کرد.

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی نوێی کرد و گرێی دا بە نیازی سەرکردەکانی ئەوروپاوە، بەوەی: "ئەگەر نیەتیان باش بێت، کێشە نییە. بەڵام ئەگەر نیەتیان خراپ بێت، باجی گومرگی زۆر قورس دەسەپێنینە سەر ئەوروپا". تەنانەت هۆشداری دا کە رەنگە ئەمریکا لە هەندێک بواردا بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا رابگرێت، هاوکات کەنەدای دراوسێشی بە "هاوبەشێکی بازرگانیی زۆر خراپ"ناوبرد.

لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاوڕا بوو لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری چوونە ناو قۆناخێکی نوێی ململانێکان دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، و پێشبینی کرد لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا جەنگی ئێران پێ بنێتە "قۆناخێکی تەواو جیاوازەوە". ڤانس روونیکردەوە کە ئەمریکا لە ئێستادا بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەریدا ناکات و سەرنجی تەواویان لەسەر قۆناغی داهاتووی ململانێکانە.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ جاری سێیەم بە زۆرینەی 220 دەنگ بەرامبەر بە 204 دەنگ، پرۆژەبڕیارێکی سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی جەنگی پەسەند کرد. ئەم هەنگاوەی کۆنگرێس ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی کۆشکی سپییە بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بەبێ رەزامەندی پێشوەختەی کۆنگرێس.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة