بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵی) لە یەکەمین بڕیاری بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لە دوای ساڵی 2023ـەوە، ئاستی سووی بۆ 3.75% تا 4% بەرزکردەوە؛ سەرۆکی بانکەکە ئاماژەی دا، هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و گرانبوونی سوتەمەنی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بارگرانیی گەورەی لە بازاڕدا دروست کردووە.
هەینی 16ی ئەیلوولی 2026، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، لێژنەی فیدراڵی بۆ بازاڕی کراوە (FOMC) بە کۆی دەنگی سەرجەم ئەندامەکانی، بڕیاری دا بە بەرزکردنەوەی رێژەی سووی سەرەکی بە رێژەی 0.25%، بەمەش ئاستی نوێی سوودی بانکی گەیشتە نێوان 3.75 بۆ 4% کە بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـەوە تۆمار کرابێت.
ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سیاسەتی نەختینەیی بانکەکەدا کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا لەمساڵدا رێژەی سووی کەم بکاتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ئابدا بۆ 3.4%، کە زۆر زیاترە لە ئامانجی دیاریکراوی 2 لەسەد، وای لە بەرپرسانی بانکەکە کرد پەنا بۆ ئەم بڕیارە ببەن تا گرانی لە بازاڕەکاندا رابگرن.
کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کڕوونی کردەوە، تەواوی سەرنجی بانکەکە ئێستا لەسەر دەستەبەرکردنی سەقامگیریی نرخەکانە لە بازاڕدا.
وارش ئاماژەی بەوە کرد، بازاڕی کار لە دۆخێکی زۆر باش و بەهێزدایە، بەڵام ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکە ئەوەیە کە هەڵاوسان زۆر بەرزە و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک داتاکانی ئەم هاوینەش هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەریان بۆ باشتربوونی دۆخەکە تێدا نییە، هەربۆیە پێویست بوو ڕێژەی سوو بەرزبکرێتەوە تا گرانی لە بازاڕەکاندا ڕابگیرێت.
کێڤن وارش لە کۆنفرانسەکەدا ئامارە فەرمییەکانی خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە بەپێی نوێترین پێوەرەکانی خەرجییەکانی بەکاربردن (PCE) و پێوەری نرخی بەکاربەر (CPI)، رێژەی گشتیی هەڵاوسان لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە نزیکەی 3.6%، هاوکات هەڵاوسانی بنەڕەتیش لە نێوان 2.4% بۆ 3.2% بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
هۆشداریدا لەوەی کە زۆربەی کەرت و بوارە سەرەکییەکانی بازاڕ بەرزبوونەوەی زیاتر لە 3% لە ماوەی شەش مانگ و ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە، لە پاڵ گرانبوونی بەردەوامی کەرەستە خاوەکان و سووتەمەنی کە بارگرانیی زۆریان بۆ ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە.
هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی، لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێرانە کە کەرتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شڵەقاندووە و ڕاستەوخۆ نرخی وزەی لە ناوخۆی ئەمریکادا بەرزکردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAA)، نرخی تێکڕای یەک گالۆن دیزڵ لە وڵاتدا گەیشتووەتە ژمارەی پێوانەیی 6.31 دۆلار، کە بە رێژەی 71% بەرزترە لە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، لە کاتێکدا نرخی یەک گالۆن بەنزین لە 2.98 دۆلاری پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانەوە بازیداوە بۆ 4.37 دۆلار، ئەمەش تێچووی سەرجەم کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا گران کردووە.
بەرزبوونەوەی رێژەی سووی فیدراڵی راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی تێچووی قەرزکردن لە سەرجەم بانکە بازرگانییەکانی ئەمریکادا، بەتایبەت لە بواری کارتی بانکی، قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێل و قەرزی خانووبەرە.




