ئیدارە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا بە بڕینی 52 ملیۆن دۆلار لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق، تونس و دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ، و گواستنەوەی پارەکە بۆ هاوپەیمانە پارێزگارەکانی لە ئەمریکای لاتین بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی چین.
چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "ئێل پایس"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی کۆنگرێسی لە بڕیارێکی نوێ ئاگادار کردووەتەوە کە تێیدا بودجەی هاوکارییە سەربازییە دەرەکییەکان (FMF) لە عێراق و تونس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هەردوو وڵاتی سلۆڤاکیا و مەکدۆنیای باکوور کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆن لە ئەوروپا، دەبڕدرێن.
جۆ ویڵسن، ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا لە پەیامێکدا پێشوازیی لەم بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوە کرد و رایگەیاند، دەستخۆشی لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار لە هاوکارییە ئەمنییەکان لە عێراق و تونسەوە بەرەو هاوبەشەکانی واشنتن لە کیشوەری ئەمریکادا، و جەختی لەسەر رزگارکردنی عێراق لە هەژموونی ئێران کردەوە.
ئاراستەکردنی سەرمایەکە بۆ دەروازەی پەنەما و هاوپەیمانە نوێیەکان
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە دوای گەشتەکەی هەفتەی رابردووی مارکۆ روبیۆ دێت بۆ وڵاتانی ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا و پیرۆ، کە تیایدا بەڵێنی دابوو هاوکارییە سەربازییەکانی واشنتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و "تیرۆری بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان"لە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکا چڕتر بکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەو 52 ملیۆن دۆلارە رەوانەی ئەو سێ دەوڵەتە و وڵاتی پەنەما دەکرێت بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نۆکەندی ستراتیژیی پەنەما کە ترەمپ بایەخێکی تایبەتی پێدەدات، هاوکات ئەم دەوڵەتانە دەچنە نێو چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی ئەمنیی نوێ بە ناوی "قەڵغانی کیشوەرەکانی ئەمریکا"بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش دژ بە تۆڕەکانی تاوانکاری.
گۆڕانی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین
لە روونکردنەوەکەیدا بۆ کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی دەیەی رابردوودا نزیکەی 80%ـی پارەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کڕینی چەک ئاراستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە، بەڵام ئەم سیاسەتە چیتر لەگەڵ ستراتیژیی ئیدارەی نوێدا یەکناگرێتەوە کە کیشوەری ئەمریکا بە چەقی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
بەرپرسانی واشنتن روونیان کردووەتەوە کە ئامانج لەم هاوکارییە سەربازییە نوێیە ئەوەیە کە رێگری لە دەوڵەتانی نەیاری وەک چین بکرێت تاوەکو پێگەی سەربازی و هەژموونی خۆیان لە کیشوەری ئەمریکادا جێگیر بکەن، و وڵاتانی ناوچەکەش پشتبەستنیان بە چەکی چینی کەم بکەنەوە.
سزادانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە
بڕینی ئەم هاوکارییە سەربازییانە لە ئەوروپا بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی پابەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو کیشوەرەدا، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی لەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا ئامادە نەبوون لە جەنگی دژ بە ئێراندا بەشداری بکەن یان خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا واشنتن زنجیرەیەک سزای سەربازیی بەسەر ئەوروپادا سەپاندووە کە کشانەوەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا، راگرتنی جێگیرکردنی مووشەکی تۆماهۆک، و قەدەخەکردنی پێدانی کەشتیی ژێردەریایی و فڕۆکەی سووتەمەنی بە سوپای هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لەخۆگرتووە.




