انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

وەزیری وزەی ئەمریکا: لە دوێنێوە 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە

وەزیری وزەی ئەمریکا: لە دوێنێوە 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان گەرووی هورمز وەزیری وزەی ئەمەریکا جەنگی ئێران و ئەمریکا

 وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی رابردوو نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکان بە نێو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا تێکڕای رۆژانەی تێپەڕبوونی نەوت لەو رێڕەوە ئاوییەدا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا روونیکردەوە، پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان لە هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعوودیە بەردەوامە و پێشبینیدەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆرییەکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە، هاوکات رایگەیاند، زیادکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی بابولمەندەبەوە هەنگاوێکی سوودبەخش دەبێت، کریس رایت باسی لەوەش کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی بەگەڕخستنی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری دەکات تاوەکو توانای پاڵاوتنی نەوت لە ئەمریکا بەرز بکاتەوە، هەروەها بڕیارە کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکی بۆ تاوتوێکردنی پرسی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڤێنیزوێلا بکات.

ئەم لێدوانانەی وەزیری وزەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە ناوچەکە پەرەی سەندووە، بەجۆرێک هەر ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری "MQ-9"لە کاتژمێرەکانی شەودا بەسەر ئاسمانی دوورگەی قیشم لە گەرووی هورمز رایگەیاند. ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، سێشەممەش سوپای پاسداران خستنەخوارەوەی سێ درۆنی دیکەی ئەمریکی لە جۆری "MQ-1"لە گەرووی هورمز و دەوروبەری راگەیاندبوو.

کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، رێڕەوی هەناردەکردنی نزیکەی پێنجیەکی نەوتی تەواوی جیهانە، بووەتە گرێکوێرەی سەرەکی لە دانوستانەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران. هاوکات لەگەڵ بنبەستبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر کردنەوەی ئازادانەی ئەم رێڕەوە ئاوییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە سەر بەکارهێنانی گوشاری ئابووری لە سەپاندنی سزاکان و گەمارۆی توندی ئەمریکادا رەنگی داوەتەوە.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة