انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئێران: متمانەمان بە گرۆسی نییە چونکە بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا کاردەکات

ئێران: متمانەمان بە گرۆسی نییە چونکە بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا کاردەکات
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی متمانەی بە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نییە و تۆمەتباری کرد بەوەی لە جێگەی کاری پیشەیی، خەریکی کاری سیاسییە و بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل کاردەکات.

 بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا روونیکردەوە، چاوپێکەوتن و راپۆرتەکانی گرۆسی دەبنە کەرەستەیەک بۆ توندکردنەوەی گوشارە سیاسییەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، جەختیشی کردەوە بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئەرکە پیشەیییەکانی بە دروستی جێبەجێ ناکات و بەردەوام هەوڵدەدات ئاژانسەکە بخاتە خزمەت خواستەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ، بۆیە گۆڕانی بنەڕەتی لە رێبازەکەیدا جێگەی گومانە.

سەبارەت بە پرسی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسدا، بەهرۆز کەمالوەندی دووپاتیکردەوە، تاران هەمیشە شەفاف بووە و پابەندی بەڵێنەکانی بووە، ئاماژەی بەوەش کرد قەبارەی پشکنینەکانی ئاژانس لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بووە، لەبارەی رێگریکردن لە گەیشتنی پشکنەران بەو بنکە ئەتۆمییانەی کە زیانیان پێگەیشتووە، گوتەبێژەکەی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئەم رێکارە لە بارودۆخی ئێستادا و لە رووی سەربازی و ئەمنییەوە تەواو ئاسایییە تا رێگری بکرێت لە بەکارهێنانی زانیاریی دامەزراوەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ. هاوکات کەمالوەندی رەخنەی توندی لە دزەپێکردنی بەردەوامی زانیارییە نهێنییەکان گرت و رایگەیاند لە کاتێکدا خودی ئاژانس دانی بە نەتوانینی پاراستنی زانیارییەکاندا ناوە، نابێت چاوەڕێ بکەن ئێران هەموو داتایەک بخاتە بەردەستیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە بڕیارنامەی ئەم دوایییەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانس دژ بە وڵاتەکەی کرد و بە بڕیارێکی بێبەهای لە قەڵەم دا کە هیچ کاریگەرییەکی کردەییی نابێت. کەمالوەندی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی دوای شکستهێنانی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی، پەنای بۆ کەرەستەی سیاسی و بەکارهێنانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئاژانس و ئەنجوومەنی ئاسایش بردووە تا شکستەکانی قەرەبوو بکاتەوە، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو دژبەرییەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ بەگەڕخستنەوەی میکانیزمی ناسراو بە "سناپ باک"و جموجۆڵی نوێ لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا.

سەبارەت بە رێگریکردن لە بەشداریکردنی محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنفرانسی گشتیی ئاژانسدا لە ڤیێنا، بەهرۆز کەمالوەندی سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و پێدانی ڤیزا و پاشان رێگری لە گەشتکردنی بە ملکەچبوونی نەمسا بۆ گوشارەکانی واشنتن وەسف کرد. کەمالوەندی باسی لەوە کرد کە نەمسا وەک وڵاتی میوانداری بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکە دەبوو ئاسانکاری بۆ شاندەکان بکات و هۆشداری دا لەوەی ئەم رەفتارە دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ وڵاتانی دیکەش، هەروەها هەنگاوەکەی ئەمریکای بە "رەفتارێکی منداڵانە"ناوبرد و ئەو بیانووەشی رەتکردەوە کە گوایە بۆ رێگریکردن لە پڕوپاگەندەی ئێران بووە، چونکە تەواو سروشتییە هەر شاندێک لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگری لە هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بکات.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة