انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

وەزارەتی خوێندنی باڵا: زانکۆلاین بۆ ماوەی هەشت رۆژ کارا دەبێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا: زانکۆلاین بۆ ماوەی هەشت رۆژ کارا دەبێت
گشتی
کوردستان

وەزارەتی خوێندنی باڵا کارابوونی سیستەمی زانکۆلاینی بۆ زیاتر لە 40 هەزار دەرچووی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ ڕاگەیاند؛ جەختی کردەوە، وەرگرتن بەپێی کۆنمرە و ڕیزبەندیی ئارەزووەکان دەبێت و هۆشداریش درا خوێندکاران خۆیان فۆرمەکان پڕبکەنەوە.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە سبەینێوە پێنجشەممە کاتژمێر 08:30 بەیانی، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وێبسایتی زانکۆلاین (www.regayzanko.com) دەستپێدەکات بۆ ماوەی (هەشت) رۆژ تاوەکو 24ـی مانگ کارا دەبێت؛ بەوەش دەرچووان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، هەروەک دەرچوان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username) و (Password).

وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەش کردووە، بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی و ئاشنابونیان بە سیستەمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بکەن و رێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان.

هەروەها دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی روونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتیی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بە سیستەمە جیاوازەکان، ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچووان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن، ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستەمەکە بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نییە لە هەر هەڵەیەک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانی پۆلی دوازدە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا رۆژەکانی زانکۆلاین.

هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەشی داوە؛ بۆ ئەمساڵ 40 هەزار و 716 دەرچووی زانستی، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان لە یەک کاتدا داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک 30 هەزار و 847 دەرچوو لە بەشی زانستی، حەفت هەزار و 923 دەرچوو لە بەشی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەیی، 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە 16 زانکۆی حکوومی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەن.

لە کۆتایدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە بوونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، رایدەگەیەنێت: ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی رێنماییەکانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەم ناونیشانە: (وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی).

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة