حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی بەردەوامی خۆیدا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکان، پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی شەش گوندی لە سنووری قەزای شێخان بە گوژمەی 4 ملیار دینار دەستپێکردووە. ئەم رێگەیە بە درێژایی 17 کیلۆمەتر قیرتاو دەکرێت و دانیشتووانی ناوچەکەش جەخت دەکەنەوە کە پڕۆژەکە رۆڵێکی گەورە لە ئاوەدانی و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا دەبینێت.
ئەم رێگە ستراتیژییە لە گوندی پیربوب لەسەر رێگەی گشتیی هەولێر - دهۆک دەست پێدەکات و تا دوڕیانی گوندی خەنس لە ناحیەی قەسرۆک درێژ دەبێتەوە. ئێستا کارەکانی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە قۆناغی قیرتاوکردن.
شوکری مەحموود، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتی: "رێگەکە بە درێژایی 17 کیلۆمەتر لە پردی پیربوب دەست پێدەکات و لە دوڕیانی خنس کۆتایی دێت. کارکردن تێیدا بەردەوامە و شەش گوندی ناحیەی قەسرۆک دەکەونە سەر ئەم رێگەیە."
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، گوندەکانی باڤیان، سێلکا، شیڤکا، باڕەشێ، زیناڤا و پیربوب راستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن. ئەم رێگەیە کارئاسانییەکی زۆر بۆ جووتیارانی ناوچەکە دەکات تا بتوانن بەرهەمەکانیان بە ئاسانی بگەیەننە بازاڕەکان.
عەبدولڕەحمان نووری، جووتیارێک لەو ناوچەیە گوتی: "رێگەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە چەندین ساڵ بوو نۆژەن نەکرابووەوە و قیرتاو نەکرابوو. ئێمە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە لەمەودوا دەتوانین بە ئاسانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بگەیەنینە شار."
زێرەڤان سلێمان، موختار لەو دەڤەرە رایگەیاند، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ قیرتاوکردنی رێگاکانیان لە باڤیانەوە تا پیربوب. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر رێگاکانیان خۆڵ بوون و ئێستا بوون بە قیر، ئەمەش سوودێکی زۆری بە بواری کشتوکاڵ گەیاندووە.
جگە لە بواری کشتوکاڵ، ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی بەرچاو بە کەرتی گەشتیاری و بوژاندنەوەی ناوچەکەش دەگەیەنێت.




