نەجات چیمەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی "شارەکەم"، لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی کردەوە.
سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، نەجات چیمەنی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بەی راگەیاند، "لەم پێشانگەیەدا 27 تابلۆی خۆم نمایش کرد، زۆربەی بەرهەمەکانم باس لە کولتوور و سروشت و دیمەنەکانی شاری سلێمانی و ژیانی کوردستان دەکەن و بە شێوەیەکی هونەری ئەو دیمەنە جوان و دڵگیرانە لە تابلۆکانم دا دەردەکەون."
نەجات چیمەنی سەبارەت بە کارەکانی خۆی گوتی، "ئەم پێشانگەیە کۆمەڵێک لە نوێترین و هەڵبژێردراوترین کارەکانی من لەخۆ دەگرێت؛ کارگەلێک کە لە هۆڵەندا کێشراون، بەڵام سەرچاوەی بەشێکی زۆریان لە شوێن و کولتوور و سروشتی کوردستانەوەیە. من بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم بەرهەمانەم هێناوەتەوە بۆ سلێمانی تا لە ناوەندی هونەری و کولتووریی ئەم شارەدا لەبەر دیدەی بینەران و هونەردۆستان دابنرێن."
نەجات چیمەنی روونیکردەوە، "راستە تابلۆکانم لە هۆڵەندا بەرهەم هێناون، بەڵام بە مانای دووربوونەوە لە رەگ و ریشەی کولتووری خۆم نییە، بەڵکو بەشێک لە کارەکانم هەوڵێکن بۆ هێنانەوەی وێنە و یادەوەرییەکانی کوردستان بۆ ناو ژینگەی ژیانی من لە هۆڵەندا."
سەبارەت بە رەنگ و هێڵ لە تابلۆکانی دا، نەجات چیمەنی دەڵێت، "من لە رێگەی رەنگ و هێڵ و پێکهاتەی تابلۆکانمەوە هەوڵ دەدەم تەنیا دیمەنێک پیشان نەدەم، بەڵکو هەستێک و کەشێکیش بگوازمەوە بۆ بینەر. لەبەر ئەوە، سروشت لە کارەکانی من دا تەنیا بە شێوەی دار و شاخ و دۆڵ و شوێنەوارێکی سروشتی نابینرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە بیرەوەری و پەیوەندیی مرۆڤ بە شوێنەکەی دەردەکەوێت."
ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، "شاری سلێمانی لە هەندێک لە تابلۆکانم دا وەک شارێکی پڕ لە ژیان و یادەوەری و کولتوور دەردەکەوێت. ئەمەش لەگەڵ ئەو ناسنامەیەی کە سلێمانی هەیەتی وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی رۆشنبیری و هونەری کوردستان، پەیوەندییەکی راستەوخۆ دروست دەکات."
سەبارەت بە پەیوەندی تابلۆکانی بە بینەری کوردەوە، نەجات چیمەنی دەڵێت، "پێشانگەکە هەلی پەیوەندیکردنەوەی بەرهەمەکانمە بە بینەرانی کورد، چونکە ئەو بەرهەمانە لە شوێنێکی دیکە، لە هۆڵەندا، بەرهەم هاتوون و ئێستا لە شوێنی سەرچاوەی بابەتەکانم، واتە کوردستان، نمایش دەکرێن. ئەو جۆرە پەیوەندییە لەنێوان من و شوێنی سەرچاوەی بابەتەکانم، دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەزموونی هونەرمەندانی کورد لە دەرەوەی کوردستان و چۆنیەتی بەردەوامبوونی پەیوەندییان لەگەڵ کولتوور و هونەری کوردی."
نەجات چیمەنی ئاماژەی بەوەش دا، "کاتێک هونەرمەند کارێک دروست دەکات، کارەکەی تەنیا هی خۆی نامێنێت، بەڵکو کاتێک دەخرێتە بەر دیدەی خەڵک، هەر بینەرێک دەتوانێت هەست و تێگەیشتنی خۆی لێ وەربگرێت. منیش دەمەوێت ئەم کارانە ببینرێن و خەڵک لەگەڵیان پەیوەندی دروست بکەن."
نەجات چیمەنی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. چەندین پێشانگەی تایبەتی لەناوەوە و دەرەوە کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.




