ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی بە سەرپەرشتیی سێنتکۆم لە ئەڵمانیا ئاشکرا کرد؛ لە زاری گوتەبێژی سێنتکۆمەوە ئامادەبوونی فەرماندەی سوپای ئیسرائیل و حەوت وڵاتی عەرەبی پشتڕاستکرایەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی جەنگی ئێران و هەڕەشەکانی حووسییەکان.
سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە ئاشکرای کرد، هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی بە سەرپەرشتیی فەرماندەی سێنتکۆم لە ئەڵمانیا بەڕێوەچووە، کە تێیدا سوپاسالاری ئیسرائیل و فەرماندەی سوپای حەوت وڵاتی عەرەبی، لە نێویاندا سعوودیە و قەتەر، بە مەبەستی تاوتوێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران و هەڕەشەکانی حووسییەکان کۆبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی ئەکسیۆس، ئەم کۆبوونەوەیە لە لایەن براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رێکخرابوو و هیچکام لە وڵاتانی بەشداربوو بە فەرمی هەواڵەکەیان بڵاونەکردبووەوە.
ئەمە یەکەمین دیداری لەو شێوەیەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی رابردوودا، کە تێیدا دەرفەتێکی دەگمەن بۆ سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەی کەنداو رەخسا کە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان لەگەڵ تەلئەڤیڤ نییە، تاوەکو راستەوخۆ لەسەر دۆخی جەنگ بیروڕا ئاڵۆگۆڕ بکەن.
بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، لە کۆبوونەوەکەدا، لە پاڵ ئەدمیڕاڵ کووپەر و ئەیال زەمیر سوپاسالاری ئیسرائیل، سەرۆک ئەرکانی سوپاکانی سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، کوەیت، قەتەر، ئوردن و میسر ئامادە بوون. لە میانی دیدارەکەدا، فەرماندەی سێنتکۆم دڵنیایی داوەتە هاوتا عەرەبەکانی کە سەرەڕای هێرشەکانی تاران بۆ سەر بنکەکانیان، سوپای ئەمریکا بە هیچ جۆرێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکشێتەوە، هاوکات پلانی واشنتنی بۆ فراوانکردنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز خستەڕوو، لە کاتێکدا سوپاسالاری ئیسرائیل پوختەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە بەرە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربووان روونکردەوە.
لەو بارەیەوە کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، میوانداریی فەرماندە سەربازییە باڵاکانی هەشت وڵاتیان لە ئەڵمانیا کردووە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکان.
ئەم هەماهەنگییە دوای رێککەوتننامەکانی ئیبراهیم لە ساڵی 2020 و گواستنەوەی ئیسرائیل بۆ ژێر چەتری بەرپرسیارێتیی سێنتکۆم برەوی سەند، کە رێگەی خۆشکرد بۆ دروستکردنی سیستەمی بەرگریی هاوبەش دژی مووشەک و درۆن. لە ماوەی ئەم جەنگەشدا، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە بەرگری و هێرشبەرییەکاندا لەگەڵ ئیمارات و ئەمریکا هەماهەنگیی کردووە، بە شێوەیەک کە سیستەمی بەرگریی "ئایرۆن دووم"و تیمە سەربازییەکانی خۆی لە ئیمارات جێگیر کردووە و زانیاریی هەواڵگریی راستەوخۆی بۆ چاودێریکردن پێشکەش کردووە، هاوکات ئاڵوگۆڕی هەواڵگری لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی عەرەبیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کۆبوونەوە نهێنییەکەی ئەڵمانیا هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە و گرتنەدەستی کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سووردا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، لە رێگەی نێوەندگیریی سێنتکۆمەوە، ئیسرائیل و سعوودیە لە گفتوگۆدان لەسەر چۆنیەتیی هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ریاز دژ بە حووسییەکان، تاوەکو ئیسرائیل هاوشێوەی ئەوەی بۆ ئیماراتی دابینکردووە، زانیاریی هەواڵگری، چاودێری و کەشفی ئاسمانیی راستەوخۆ (ISR) پێشکەش بە هێزەکانی سعوودیە بکات.




