لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێگەی 150 گوند لە سنووری سلێمانی دروست کراوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی فراوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی سلێمانی بۆ باشترکردنی تۆڕی رێگاوبانەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە لادێنشینەکان دێت.
محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی بەـی راگەیاند، بە گوژمەی 18 ملیار دینار، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی 30 گوند و چاککردنەوەی 40 رێگەی دیکە دەستی پێکردووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە.
محەمەد جەلیل ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا لەم مانگەدا رێگەی شەش گوندی سنووری سلێمانی قیرتاو کراوە و هاوکات ئاوەڕۆ و ئاوبەری سندوقی بۆ دەیان رێگەی دیکە دروست کراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواوی بە رێگاوبانەکانی گوندەکان داوە و لەسەر ئاستی هەر حەفت بەڕێوەبەرایەتییەکەی رێگاوبانی سلێمانی، پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێن. هەروەها سێ پڕۆژەی ستراتیژیی رێگاوبان ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی، دەرخستەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی شارباژێڕ و دۆڵی جافایەتی ئامادە کراوە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجە دەکات. هاوکات نووسراوی پێویست بۆ رێگەی نێوان پێنجوێن و کەوڵۆس ئامادە کراوە و بڕیارە رێگەی نێوان سلێمانی و قەرەداخیش بکرێتە دووساید.




