لەگەڵ خێراتربوونی هەنگاوەکانی گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا و بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی لەکۆنترۆڵدەرچوونی ژیریی دەستکرد (AI)، نیگەرانییەکی بەرفراوان شەقامی ئەمریکی و بەکارهێنەرانی لە سەرانسەری جیهاندا گرتووەتەوە. لە وەڵامی ئەم گومان و مەترسییانەدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە رەشنووس و گەڵاڵەنامەیەکی نوێی لەبارەی بنەماکانی پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد بڵاوکردەوە.
لە رەشنووسەکەدا، مایکرۆسۆفت بە روونی جەخت لەوە دەکاتەوە، تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بە جۆرێک داهێنانی تێدا دەکرێت کە هەمیشە لەژێر رکێف و چاودێریی راستەوخۆی مرۆڤدا بمێنێتەوە، و بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی ئەخلاقی و بڕیاردانی مرۆیی دەرنەچێت.
گرنگترین تەوەر و بنەماکانی رەشنووسەکەی مایکرۆسۆفت:
- یاسای زێڕین (بنەمای سەرەکی): دروشمی بنەڕەتیی کۆمپانیاکە بریتییە لە "سەرەتا مرۆڤایەتی، پاشان ژیریی دەستکرد". ئەمەش بەو واتایە دێت کە بەها مرۆییەکان و سەلامەتیی گشتی لە سەرووی هەر دەستکەوتێکی تەکنەلۆجییەوە دەبن.
- مسۆگەرکردنی کۆنترۆڵ: دابینکردنی سیستەمی پاراستن و بەربەست، کە رێگە دەدات بەکارهێنەر یان گەشەپێدەری مرۆیی لە هەر ساتێکدا بێت، توانای راگرتن، دەستکاریکردنی نەرمامێرەکە، یان وەستاندنی بڕیارەکانی زیرەکیی دەستکردی هەبێت
- شەفافییەت و بەرپرسیارێتی: مایکرۆسۆفت پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بەوەی چۆنیەتیی کارکردنی سیستەمەکانی و چارەنووسی داتاکان روون بن، تاوەکو رێگە لە دەستکاریکردنی نایاسایی و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر زانیارییە کەسییەکان بگیرێت.
ئەم هەنگاوەی مایکرۆسۆفت لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەکادیمی و توێژینەوەکان لەگەڵ دەستەی چاودێریی حکوومەتی ئەمریکا، هۆشداری دەدەن لەوەی گەشەکردنی خێرای مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکرد بەبێ یاسا و رێسای تۆکمە، دەکرێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بازاڕی کار، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەنانەت لەدەستدانی کۆنترۆڵی سیستەمە سەربەخۆکان.
بە بڵاوکردنەوەی ئەم رەشنووسە، مایکرۆسۆفت هەوڵ دەدات متمانە بۆ بەکارهێنەران و وەبەرهێنەران بگەڕێنێتەوە، و پەیامێکیش ئاراستەی رکابەرەکانی بکات کە گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا بەبێ رەچاوکردنی ئاسایش و پێوەرە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ، نابێت ببێتە بەشێک لە داهاتووی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا.




