گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەو پلانەی حکوومەتیان رەتکردەوە کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەوڵەتە تا ساڵی 2028.
30ـی ئەم مانگە وەک وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دیاریکراوە و پرسی چەکدارانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت هێشتا وەک ئاستەنگێکی ئاڵۆز ماوەتەوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەڕەشەی میلیشیا عێراقییەکان تا ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاندووە، میلیشیاکان بە هاوکاریی ئێران لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک سەرکەوتووبوون. ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گۆشەگیریی سیاسیی بۆ ئەو میلیشیایانە دروستکردووە و ئامرازەکانی گوشاری لێ سەندوونەتەوە.
لەبارەی لێژنەی دانوستان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە هەفتەکانی رابردوودا چوار کۆبوونەوەیان لەگەڵ هادی عامری، بەرپرسی رێکخراوی بەدر، کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوان لەبارەی رێککەوتنێک دانوستانیان کردووە کە بنەماکەی بەکارنەهێنانی چەک بووە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی میلیشیاکان دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن.
سەرەڕای ئەم رێککەوتنە، نوێنەرانی میلیشیاکان ماددەیەکیان لەناو رێککەوتنەکەدا جێگیرکردووە کە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی دروستدەکات. بەپێی ئەو ماددەیە، هەر رێککەوتنێک لەسەر بەکارنەهێنانی چەک لە دۆخێکی دیاریکراودا بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت، بێ ئەوەی سروشتی ئەو دۆخە دیاری بکرێت.
هاوکات هەردوولا گەیشتوونەتە خشتەیەکی زەمەنی کە تا سەرەتای ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت. ئامانجی ئەو خشتەیە ئەوەیە تا ئەو کاتە میلیشیاکان رازی بن بە کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان.




