ئەمڕۆ سێشەممە، عەرەبستانی سعوودیە بەڵێنی دا بە توندترین شێوە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشانە بداتەوە کە حووسییەکانی یەمەن کردوویانەتە سەر خاکی وڵاتەکەی. لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر جۆرە تێوەگلانێکی لەو ململانێیانە رەتکردەوە.
هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو زیانی گیانیی بەرچاویان لێکەوتووەتەوە. سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن لە شاری عەدەن رایانگەیاند؛ بەهۆی هێرشی مووشەکیی حووسییەکان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حکوومەت لە نێوان پارێزگاکانی مارب و جەوف، هەشت سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی ریاز رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی حووسییەکانەوە، 13 هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوچەکانی باشووری سعوودیە بریندار بوون.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن پشتڕاستی کردەوە، حووسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە شارەکانی خەمیس موشەیت، ئەبها و تائیف، جەختیشی کردەوە، "فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە بە بەرپرسیارێتی و توندییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستدرێژییانە دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، حوزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان رایگەیاند: "وەڵامی یەمەنی بەردەوام دەبێت و پەرە دەسێنێت، تا ئەو کاتەی سیستەمی دوژمنی سعوودیە بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر گەلەکەمان."
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، ئاماژەی بەوە دا، تەنیا دوێنێ هێرشێکی دەگمەنی درۆنی و مووشەکییان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی مەلیک خالید لە خەمیس موشەیت ئەنجام داوە، و لە ماوەی 24 کاتژمێریشدا 50 هێرشی ئاسمانییان کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سعوودیە 54 هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر پارێزگاکانی تەعز، لەحج، جەوف، مارب و حەججە ئەنجام داوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، حووسییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا پێشڕەوییەکی مەترسیداریان لە گەرووی بابولمەندەب کردووە و تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەنیان لەسەر دەریای سوور خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی سنووردارکردنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، دەریای سوور بووەتە تاکە رێگەی ستراتیژیی سعوودیە بۆ هەناردەکردنی نەوت. داخستنی هورمز مەترسیی پەکخستنی هەناردەی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعوودیەی لێ دەکرێت.
عەلی واعیز، توێژەر لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پێی وایە: "ئەو دەستکەوتانەی حووسییەکان بەدەستیانهێناوە، قەبارەی فشارەکانی سەر وڵاتانی کەنداوی زیاتر کردووە."ئەم گرژییانە راستەوخۆ کاریگەرییان کردووەتە سەر بازاڕەکانی وزە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی بۆ ١٠٦ دۆلار بەرزکردووەتەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی دەست لە کاروباری ناوخۆی یەمەن وەربدات و رایگەیاند "حووسییەکان تەواو سەربەخۆن."هەروەها ئاشکرای کرد کە سعوودیە داوای کردووە کۆبوونەوەی تایبەت بە گەرووی هورمز کە بڕیار بوو لە عومان ئەنجام بدرێت، دوا بخرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران دەربڕی، بەڵام موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رەتیکردەوە و رایگەیاند "هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت تا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن."
لەلایەکی دیکەوە و وەک هەوڵێک بۆ هاوئاهەنگیی عەرەبی، سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر، لە قاهیرە پێشوازی لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دەکات.




