انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

پاریس.. وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ کۆبووەوە

پاریس.. وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ کۆبووەوە
سیاسی
عێراق وەزارەتی نەوتی عێراق

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "تۆتاڵ ئێنێرجیز"کۆبووەوە و پرسی پەرەپێدانی کێڵگەی ئەرتاوی و وەبەرهێنانی گازیان لە بەسرە تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکوومییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە شاری پاریس چاوی بە "پاتریک پۆیانێ"، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کەوت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر کار و پڕۆژەکانی کۆمپانیاکە لە عێراق، بەتایبەتی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "ئەرتاوی"و چۆنییەتی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانی گازی پەیوەست کە لە پارێزگای بەسرە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە جێبەجێ دەکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر پەرۆشیی حکوومەت و وەزارەتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و وەبەرهێنانی تەواو لە کەرتی گازدا، ئەوەش بەپێی ئەو پلانە ستراتیژییانەی کە لە کارنامەی وەزارەتدا جێگیر کراون.

ئەم دیدارەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە چوارچێوەی شاندێکی فەرمیدا هاوەڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات لە گەشتەکەیدا بۆ هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة