انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

راوێژکاری ئەڵمانیا: سەرکەوتنی رووسیا لە ئۆکرانیا لێکەوتەی پێشبینینەکراوی بۆ سەر ئەوروپا دەبێت

راوێژکاری ئەڵمانیا: سەرکەوتنی رووسیا لە ئۆکرانیا لێکەوتەی پێشبینینەکراوی بۆ سەر ئەوروپا دەبێت
سیاسی
جیهان جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا

فرێدریش مێرتز، هۆشداری دا لەوەی کە سەرکەوتنی رووسیا لە جەنگەکەی دژ بە ئۆکرانیا لێکەوتەی بێوێنە و پێشبینینەکراوی بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا و تەواوی ئەوروپا دەبێت. 

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، فرێدریش مێرت، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردەوە، ئاسایش و ئازادیی کیشوەری ئەوروپا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دەرەنجامی جەنگی ئۆکرانیاوە هەیە، روونیشیکردەوە پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ کیێڤ بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی لە ئەوروپا وەک ئەرکێکی مێژوویی دەبینرێت، هاوکات رایگەیاند، مەترسی و هەوڵەکانی مۆسکۆ تەنیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیادا قەتیس نەماون، بەڵکو کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەوروپاش دروست دەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە زیادبوونی دەنگە ناڕازییەکان بەرامبەر بەردەوامیی پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا لە نێو ناوەندە ئەورووپییەکاندا، مێرتز رایگەیاند، جەنگەکە پێی ناوەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەوە و گوتی:” پێدەچێت لە بەردەم ساتەوەختی، هەفتە یان مانگانێکدا بین کە چارەنووسسازترین دەبن لە مێژووی بەرگریکردن لە ئازادی و ئاشتیی کیشوەرەکەدا، راوێژکاری ئەڵمانیا دانی بە بوونی رەخنەکاندا نا سەبارەت بە ناردنی کۆمەکی سەربازی و دارایی بۆ کیێڤ، بەڵام جەختیکردەوە ئەم هاوکارییانە راستەوخۆ دەچنە خزمەت ئاسایشی خودی ئەورووپاوە و داوای لە حکوومەتە ئەوروپییەکان کرد کە لەسەر هەڵوێستی توند و نەگۆڕی خۆیان تا کۆتاییهاتنی جەنگەکە بەردەوام بن.

ئەم لێدوانانە لە درێژەی ئەو هێرشە سەربازییە بەردەوامەدایە کە رووسیا لە 24ـی شوباتی 2022ـوە بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، مۆسکۆش بۆ راگرتنی جەنگ مەرجی دەستبەرداربوونی کیێڤ لە چوونە نێو هاوپەیمانییە سەربازییە رۆژئاوایییەکان دادەنێت، لە کاتێکدا ئۆکرانیا ئەم داواکارییە وەک دەستوەردان لە سەروەریی خاکی خۆی دەبینێت و رەتیدەکاتەوە.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة