انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا یەکەمینی پێداویستیی لۆجستی و تەقەمەنی دەگەیەننە تەڕتووس و حمێمیم

کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا یەکەمینی پێداویستیی لۆجستی و تەقەمەنی دەگەیەننە تەڕتووس و حمێمیم
سیاسی
سووریا

کاروانێکی سەربازی و بارهەڵگری دەریایی رووسیا لە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیەدا لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نوێی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی لە سووریا، پێداویستیی لۆجستی و تەقەمەنییان گەیاندە بەندەری تەڕتووس و بنکەی ئاسمانیی حمێمیم.

دووشەممە 14می ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز و ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر کە لە زاری سەرچاوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، کاروانێکی چوار کەشتیی سەر بە هێزی دەریایی رووسیا گەیشتوونەتە کەناراوەکانی سووریا لە دەریای ناوەڕاست.

ئەم جموجۆڵە وەک یەکەم ئاماژەی کرداری دەبینرێت بۆ بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستی بۆ پێگە سەربازییەکانی مۆسکۆ لە تەڕتووس و حمێمیم، دوای ئەوەی مانگی رابردوو هەردوولا رێککەوتنێکی نوێیان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە خاکی سووریادا واژۆ کرد، بەپێی بەندەکانی، دامەزراوە مەدەنییەکان دەگەڕێنرێنەوە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق و بنکە سەربازییەکانیش دەکرێنە ناوەندی هاوبەشی مەشق و راهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتاکانی کۆمپانیای هەواڵگریی دەریایی سین ماکس دەریدەخەن کە کەشتیی بارهەڵگری سەربازیی سپارتا کە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، هاوشانی کەشتیی دابینکردنی سووتەمەنی ئەکادیمیک پاشین لە لەنگەرگەکانی بەندەری تەڕتووس جێگیر کراون، هاوکات تانکەری جەنەراڵ سکۆبێلێڤ لە دوورەپەرێزی کەناراوەکان ماوەتەوە و کەشتیی وێرانکەری مووشەکهەڵگری جۆری ئۆدالۆی ئەدمیڕاڵ لێڤچێنکۆ پارێزگاریی لە کاروانەکە کردووە.

لە کاتی هێنانەخوارەوە بارەکانیشدا، باڵۆنێکی چاودێری و سیخوڕی بە ئاسمانی بەندەرەکەوە بینراوە. چاودێران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەشتییانە دەستبەجێ دوای تێپەڕینیان لە گەرووی جەبەل تاریق، سیستەمی پەخشی شوێنپێهەڵگرتنی خۆیان کوژاندووەتەوە تا بە شێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی چاودێران خۆیان بگەیەننە سووریا.

سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا و بازرگانێکی ئاگادار لە پڕۆسەکە ئاشکرایان کردووە کە کەشتیی سپارتا بڕێکی زۆر پێداویستی و تەقەمەنیی سەربازیی بەتاڵکردووەتەوە کە بۆ هەردوو بنکەی تەڕتووس و حمێمیم تەرخان کراون.

بەندەری تەڕتووس تاکە پێگەی سەرەکیی چاککردنەوە و دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا لە دەریای ناوەڕاستدا و حمێمیش پێگەی دەسەڵاتی مۆسکۆیە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. ئەم رێککەوتنە لەسەر پێگە سەربازییەکان دوای 18 مانگ لە دانوستاندنی سەخت هاتە کایەوە لە نێوان دیمەشق و مۆسکۆ، بەتایبەت دوای رووخانی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی سەرەکیی رووسیا لە کانوونی یەکەمی 2024دا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة