سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، مۆسکۆ و کیێڤ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئەوەی هێرش نەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و کەرتی وزەی یەکتر، هاوکات رایگەیاند، ئێران بەپەلە و بە توندی خوازیاری ئەنجامدانی رێککەوتنە لەگەڵ واشنتندا.
دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاماژەی بە پێشهاتێکی نوێ لە بەرەکانی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کرد و رایگەیاند، ئۆکرانیا رازی بووە کە چیتر دامەزراوە و ئامانجەکانی کەرتی وزەی رووسیا بۆردوومان نەکات، لە بەرامبەریشدا لایەنی رووسی هەمان هەنگاوی هاوشێوەی ناوە و بەڵێنی داوە وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیا نەکاتە ئامانج.
ترەمپ روونی کردەوە، بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی دیزڵ لەسەر ئاستی جیهاندا بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوەیە، نەک بەهۆی ئێرانەوە.
لە پەیامێکی دیکەی دا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێران و باسی لەوە کرد کە تاران لە دۆخێکی دژوار و لاوازدایە، هەربۆیە زۆر بەپەلە و بە توندی بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێت لەگەڵ ئەمریکادا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەو خۆی بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر ئەوەی ئایا وڵاتەکەی هەنگاو بەرەو چوونە ناو گفتوگۆ هەڵدەگرێت یان نا، هەرچەندە ئاشکراشی کرد، ئیدارەکەی دەرگای بۆ بنەمای بیرۆکەی رێککەوتن دانەخستووە و پێشوازی لە گفتوگۆ دەکات.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی دیکەیدا بەرپرسیارێتیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی لە سەرتاسەری ئەمریکادا خستە ئەستۆی جۆ بایدن و ئیدارەکەی پێشووی وڵاتەکە، و جەختی لەوە کردەوە کە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەکانی ئەوەوە نییە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی بایدندا نرخی نەوت زۆر بەرزتر بوو لەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە، هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئیدارەکەی توانیویەتی ڕێگری لە ئێران بکات لەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، ئێستا، جگە لە نەوت کە بە شێوەیەکی کاتی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، سەرجەم نرخەکانی دیکە لە وڵاتدا بە توندی و بە خێرایی روویان لە دابەزین کردووە.
جەختشیی لەوە کردەوە کە هەر کاتێک ململانێ سەربازییەکەیان لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبێت، نرخی نەوت هاوشێوەی بەردێک لە بەرزاییەوە بەرەو خوارەوە دەکەوێت و بە خێرایی دادەبەزێت، هەروەها دڵنیاییشی دا کە کۆتاییهاتنی ئەو ململانێیە زۆری نەماوە و بە زوویی روودەدات.
ترەمپ پەیامێکی دیکەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس بڵاو کردووەتەوە ئاشکرای کرد ئێستا نەوت بە نێو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە نەوەستاوە. هاوکات بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی جیهان گرت و ئاماژەی بەوە دا ئەو دەوڵەتانە لەم دۆخەدا بە هیچ شێوازێک هیچ جۆرە هاوکارییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان نەکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە و هەر دەشبێت دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەڕ و ئاژاوەیە، وڵاتانی جیهان سەرجەم خەرجییەکان بۆ ئەمریکا قەرەبوو بکەنەوە. ترەمپ ڕوونی کردەوە، ئەو کارەی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا دەیکات، زۆر زیاتر لەوەی لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیدا بێت بۆ وڵاتانی دیکەی ئەنجام دەدات، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەمریکا چەندین نەوەیە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە لە پێناو وڵاتانی دیکەدا.




