جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئیدارەی واشنتن لە گفتوگۆ و پەیوەندیی راستەوخۆدایە لەگەڵ خودی حووسییەکانی یەمەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات جەختیشی کردەوە کۆشکی سپی بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
دووشەممە 14می ئەیلوولی 2026، پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی میزۆری، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و بەئامانجگرتنی خاکی سعوودیە، رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەیە و هەماهەنگی لەگەڵ سعوودییەکان و ئەو لایەنانە دەکات کە لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
ڤانس لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ خودی حووسییەکان، و گوتیشی هەست دەکەن کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لە دەستدایە، سەرەڕای ئەوەیەکان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باسیان لەوە دەکرد ناوبراو بە تەلەفۆن راستەوخۆ پەیوەندی بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات تا راستییەکانیان لێ وەربگرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پێنتاگۆن و روونیکردەوە، متمانەی تەواوی بە سەرکردایەتیی وەزارەتی بەرگری و بەرپرسانی پێنتاگۆن هەیە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانەی بە "سەیر"ناوبرد و گوتی: "شتێکی تەواو ئاسایی و بەجێیە کە جێگری سەرۆک پەیوەندی بە ئەدمیڕاڵ و ژەنەراڵەکانەوە بکات بۆ ئەوەی لە راستیی دۆخەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بگات، و بێگومان من بەردەوام دەبم لەو کارە."




