انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

پۆلیسی ئێران: ساڵانە بە بەهای 35 ملیار دۆلار کاڵا بە قاچاخ دەبرێت

پۆلیسی ئێران: ساڵانە بە بەهای 35 ملیار دۆلار کاڵا بە قاچاخ دەبرێت
سیاسی
ئێران

سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران رایگەیاند، قەبارەی قاچاخی کاڵا لە وڵاتدا لە نێوان 30 بۆ 35 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و رۆژانەش نزیکەی 35 ملیۆن لیتر سووتەمەنی بە قاچاخ دەبرێت، هاوکات ئاشکراشی کرد لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا دەستیان بەسەر 137 ملیۆن لیتر سووتەمەنیدا گرتووە و زیاتر لە 4 ملیار دۆلاریشیان بۆ بانکی ناوەندی گەڕاندووەتەوە.

دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "تەسنیم"، سەردار حوسێن رەحیمی، سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران لە کۆبوونەوەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە شاری رەشت، هۆشداری دا لەوەی وڵاتەکەی لە دۆخی جەنگی ئابووریدایە. ئاماژەی بەوە کرد، قاچاخ تەنیا گواستنەوەی نایاسایی کاڵا نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی داخرانی کارگەکان، لەدەستچوونی هەلی کار، و بێبەشبوونی دەوڵەتە لە باج و داهاتە گومرگییەکان کە لە کۆتاییدا زەبری توند لە ئابووریی وڵات دەوەشێنێت.

سەبارەت بە ئاستی مەترسییەکانی قاچاخ، رەحیمی ئاشکرای کرد بەپێی بەراوردەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ لە ئێران، ساڵانە بە بەهای 30 بۆ 35 ملیار دۆلار کاڵا لە وڵاتدا بە نایاسایی ساغ دەکرێتەوە کە ئەمەش پشکێکی ئێجگار زۆری تەواوی بازاڕ پێکدەهێنێت. لە هەمان کاتدا پرسی سووتەمەنیی بە یەکێک لە گەورەترین دەستدرێژییەکان بۆ سەر سامانی وڵات ناوبرد و باسی لەوە کرد کە بەپێی راپۆرتەکان، رۆژانە لە نێوان 20 بۆ 35 ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە سنوورەکانەوە بەرەو دەرەوە بە قاچاخ دەبردرێت.

سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵی خستەڕوو و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا توانیویانە دەست بەسەر 137 ملیۆن لیتر سووتەمەنی و نزیکەی 79 ملیۆن جۆری جیاوازی دەرمانی قاچاخدا بگرن، کە بەشێکی زۆریان بە نیازی بردنە دەرەوەی وڵات کۆکرابوونەوە.

هاوکات لە هەڵمەتەکانیاندا بۆ سەر شوێنەکانی دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵی، نۆ هەزار و 846 ئامێری ماینەری نایاساییان دەستبەسەر کردووە و 12 هەزار و 835 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکاریش لە سەرتاسەری وڵات لەو چوارچێوەیەدا راگیراون، لە پاڵ داخستنی زیاتر لە 290 کۆگای قۆرخکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان.

لە کەرتی پێشێلکارییەکانی دراوی بیانی و گەندەڵی، رەحیمی ئاشکرای کرد لە دۆسیەی پابەندنەبوونی زیاتر لە 550 کۆمپانیای هەناردەکار بە گەڕاندنەوەی دراو، توانیویانە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە بگێڕنەوە. هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی یەکێک لە گەورەترین قەرزدارانی دراو کرد لەگەڵ دەستبەسەرکردنی 13 تۆمەتباری نوێ لە کەرتی کۆمپانیاکانی پێترۆکیمیایی، لە کاتێکدا لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە (ئینتەرپۆل) داوای دەستگیرکردنی 15 تۆمەتباری دیکەی هەڵاتوو کراوە.

بەرپرسە باڵاکەی پۆلیسی ئێران جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی گۆڕانی ئاراستەی بازرگانی بەرەو باکووری وڵات، پارێزگاکانی وەک گیلان، مازەندەران و گوڵستان پێویستیان بە چاودێرییەکی چڕترە بۆ رێگریکردن لە قاچاخی نەوت و سامانی دەریایی، تاوەکو لە پاڵ رێگریکردن لە خراپەکاری، ئارامی و ژینگەیەکی لەبار بۆ کارکردنی بازرگانان و بەرهەمهێنەرانی یاسایی دەستەبەر بکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة