انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

بەغدا و پاریس زنجیرەیەک رێککەوتنیان واژۆ کرد

بەغدا و پاریس زنجیرەیەک رێککەوتنیان واژۆ کرد
سیاسی
عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری فەرەنسا،لە کۆشکی ئەلیزێ سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی چەندین رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای بەرگری، کەرتی گاز، فڕۆکەوانیی مەدەنی و داهێنانی زانستی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی سەردانی فەرمیی شاندی عێراق بۆ پاریس، رێوڕەسمی واژۆکردنی شەش لێکتێگەیشتنی ستراتیژی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەلیزێ بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی ئابووری و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتە.

لە کەرتی بەرگری و سەربازیدا دوو رێککەوتنی نوێ ئەنجام دران؛ یەکەمیان بریتی بوو لە نامەی نیازی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و کۆمپانیای "هارماتان"ی فەرەنسی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد بە مەبەستی هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانی. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی بەرگریی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سوپای فەرەنسا جاڕنامەیەکی نیازی هاوبەشی بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری لە عێراقدا واژۆ کرد.

پرسی وزەش پشکێکی گرنگی لەم رێککەوتنانەدا هەبوو، بە جۆرێک وەزارەتی کارەبای عێراق لەگەڵ کۆمپانیای جیهانیی فەرەنسی "تۆتاڵ ئێنێرجیز"پرۆتۆکۆلێکی هاوکاریی تایبەت بە گرێبەستی دابینکردن و فرۆشتنی غازی واژۆ کرد، کە هەنگاوێکی کرداری دەبێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

هاوکات لە کەرتی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا دوو لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد؛ یەکەمیان بۆ هاوبەشی لە بواری ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان، توێژینەوەی زانستی و داهێنان، و دووەمیشیان تایبەت بوو بە پتەوکردنی پەیوەندی و هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی (AFD).

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و هاوتا فەرەنسییەکەی جاڕنامەی نیازی هاوبەشیان بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکە (واع) بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026 لە میانەی سەردانە فەرمییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و پاریسیان تاوتوێ کرد.

ئاماژەشی داوە، لە پەراوێزی ئەم دیدارەشدا، چەندین رێککەوتنی چارەنووسساز لە نێوان شاندی باڵای هەردوو وڵات ئیمزا کران. لە کەرتی سەربازی و پڕچەککردندا، هەردوولا نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی عێراقیان بە مەبەستی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی واژۆ کرد، کە لە لایەن فەریق شوان مەزهەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق و لیوا پاتریک بایۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پڕچەککردن لە وەزارەتی سوپای فەرەنسا پەسەند کرا.

هاوکات بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق، وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای هارماتانی فەرەنسی رێککەوتنێکی بۆ هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانی لە ريگەی تەکنۆلۆژیای زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دا.

کەرتی وزە و کارەباش بەشێکی دیکەی سەرەکیی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، بە جۆرێک عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ پاتریک پۆیانێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە گرێبەستی دابینکردن و فرۆشتنی گازی واژۆ کرد، کە هەنگاوێکی کاریگەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی وێستگەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی وزەی کارەبا لە ناوخۆی وڵاتدا.

هەر لە میانی رێوڕەسمەکەدا، لایەنی عێراقی و فەرەنسی لە رێگەی یوسف خەلەف، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و شەمسەدین شیکاوا، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی فەرەنسا، جاڕنامەی نیازی هاوبەشیان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی و پەرەپێدانی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان واژۆ کرد.

لە درێژەی واژۆکردنی بەڵگەنامەکانیشدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ خاتوو ئیلینۆر کارۆ، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا رێککەوتننامەیەکی تایبەتیان لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی توێژی گەنجان، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و برەودان بە داهێنان ئیمزا کرد.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة