قایمقامیەتی قەزای رانیە بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی هێنانە ناوەوە و فرۆشتنی جۆرێک لە خواردنەوەی وزەبەخش بە ناوی (4U)، هۆکارەکەشی بۆ مەترسییەکانی سەر تەندروستیی منداڵان و سەرپێچیکردنی رێنماییەکان گەڕاندەوە.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوونیان بۆ خواردنەوەیەکی وزەبەخش بە ناوی (4U) کرد. ئەم جۆرە خواردنەوەیە بەهۆی هەبوونی دیاری و خەڵات تێیدا، خواستێکی زۆری منداڵان و مێردمنداڵانی لەسەرە و هانیان دەدات زیاتر لە دانەیەک بکڕن. پێکهاتەی ئەم خواردنەوەیە لە شەکر، رەنگ و کافاین پێکدێت.
قایمقامیەتی رانیە لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ئەوەی لەسەر قوتووی خواردنەوەکە نووسراوە بۆ کەسانی خوار 16 ساڵ گونجاو نییە، بەڵام خاوەن فرۆشگاکان رەچاوی رێنماییەکە ناکەن. بۆیە بڕیار درا ئاسایشی بازگەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاگادار بکرێنەوە تاوەکوو رێگری لەو بارهەڵگرانە بکەن ئەو جۆرە خواردنەوەیە دەهێننە ناوچەکەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر فرۆشگایەک خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان بفرۆشێت، شوێنەکەی دادەخرێت و رێکاری یاسایی توند بەرانبەری دەگیرێتەبەر. هاوکات رێکلامکردن بۆ خواردنەوە وزەبەخشەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و مامەڵەی هاوشێوەی جگەرە، ڤەیپ و کحولی لەگەڵدا دەکرێت.
لە کۆتاییدا قایمقامیەتی رانیە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی 07708593000 بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکانیان.
خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر لە کافاین، شەکر و ماددەی هاندەری دەستکردیان تێدایە. پزیشکان و رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە خواردنەوانە بۆ منداڵان و مێردمنداڵان مەترسیی گەورەی هەیە، چونکە دەبنە هۆی خێراتربوونی لێدانی دڵ، تێکچوونی خەو، دڵەڕاوکێ و قەڵەوی.
لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا لیژنەکانی قایمقامیەت و وەزارەتی تەندروستی چەندین رێنماییان بۆ سنووردارکردنی فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان دەرکردووە، بەتایبەتی قەدەخەکردنی فرۆشتنیان بە کەسانی خوار تەمەنی 18 یان 16 ساڵ. سەرەڕای ئەم رێکارانە، هەندێک لە کۆمپانیاکان لەرێگەی تێکەڵکردنی دیاری و خەڵات، یان بەکارهێنانی رەنگی سەرنجڕاکێش، هەوڵ دەدەن سەرنجی منداڵان رابکێشن بۆ کڕینی بەرهەمەکانیان.




